بە ئامادەبونی دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و جێگری سەرۆکی دەستەی باڵای پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆو یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆو راگرو سەرۆک بەشەکان، لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین لە مەڕاسیمێکدا پەردە لەسەر مۆدیلی ماستەرپلان و دیزاینی پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سەلاحەدین لادرا، لە مەڕسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ کە لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکی دەستەی باڵای پڕۆژەکەیە پوختەیەکی لە کارەکانی ماستەر پلان و دیزاینی پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ئامادەبوان باسکرد تا ئاشنابن بە کاری زیاتر لەدوو ساڵی پڕۆژەکەو دواتر ئەو زانیارییانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو بگەیەنرێت بە مامۆستایان و قوتابیان لەلایەن سەرۆک بەشەکانەوە. دکتۆر ئەحمەد ئەوەشی گوت هیواخوازن هەرچی زووە ئەو قەیرانە ئابورییەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە تەواو بێت تا بتوانرێت بودجە بۆ ئەو پڕۆژە زەبەلاحە دابنرێت و دەست بە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە بکرێت لە دروستکردنی باڵەخانەکان. هەروەها سەرۆکی زانکۆ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی بەڕێز کامران ئەحمەد وەزیری پێشوتری ئاوەدانکردنەوە کە سەرۆکی دەستەی باڵای پڕۆژەکە بوو لە سەرخستنی پڕۆژەکەو بەردەوامبوونی تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ. هەر لە مەڕاسیمەکەدا هەر یەکە لە وجدی ئەبو عیزەددین بەڕێوەبەری کۆمپانیای دار هەندەسەو دکتۆر سەلاحەدین یاسین بەڕێوەبەری پڕۆژەکە وتاریان پێشکەش کرد، پاشان گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن کۆمپانیای دار ئەلهەندەسە ئامادەکرابوو تایبەت بە ماستەر پلان و دیزاینی پڕۆژەکە پیشانی ئامادەبوان درا، لە کۆتایی دا لەلایەن ئامادەبوانەوە بەشێوەیەکی نافەرمی پەردە لەسەر مۆدێلی ماستەرپلان و پرۆِژەی کەمپی نوێی زانکۆی سەلاحەدین لادرا.
|
بەروار :٢٠١٥/٩/٩