لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، بە ئامادەبونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی پارتە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و زانایانی ئایینی و شارەزایانی دەستوورو مامۆستایانی زانکۆ، دیداری زانکۆى سەلاحەدین/هەولێر- کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەناونیشانی پێگەی ئایین لە دەستوور.... گفتوگۆیەکی ئەکادیمی، بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەڕاسیمەکە دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆزو خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتاری بەخێرهێنانی پێشکەشەشکرد، لە بەشێکی وتەکەیدا جەختیکردەوە لەسەر جێگە پەنجەی مامۆستایانی زانکۆ لە پرسەکانی تایبەت بە ژیانی کۆمەڵگە، هەروەها ئەوەشی گوت: هیچ پرسێکی گرینگ لە هەموو دەزگاکانی کوردستان بە بێ راوێژکردن بە مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین مەحاڵە ئەنجام بدرێت، یەکێک لەو بابەتە گرینگانەش پرسی دەستووری هەرێمی کوردستانە. پاشان لە پانێلێکدا کە لەلایەن دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد زانای ئایینی و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بەڕێوەدەچوو هەریەکە لە دکتۆر عوسمان محەمەد مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر عەرەفات کەرەم ستوونی شارەزای ئایینی و پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مامۆستا عەبدولرەحمان سدیق چاودێری سیاسی و شارەزای ئایینی و دکتۆر سیروان زەهاوی، راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامی نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لە بارەی پێگەی ئایین لە دەستوور کرا کە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند، لە کۆتاییدا ئامادەبوان راوسەرنج و پرسیاریان ئاڕاستەی بەشداربووانی گفتوگۆکەکرد.
شیاوی باسە لە ماوەی ساڵی رابردوودا زانکۆی سەلاحەدین لەسەر ئاستی زانکۆو کۆلێژەکاندا سەدان چالاکی زانستی و ئەکادیمی لە بوارە جۆر بەجۆرەکانی تایبەت بە ژیانی رۆژانەی خەڵک و پرسە گەرمەکانی رۆژەڤی کوردستان ئەنجامداوە، ئەو چالاکییەکەش لە درێژەی ئەو چالاکیانەدایەو لە وەرزی پشوی هاوینەشدا بە بێ پچڕان چالاکییەکی دیکەی ئەکادیمی تایبەت بە پرسێکی گەرمی رۆژ، ئەویش پرسی نوسینەوەی دەستووری کوردستانەو پەیوەستە بە ژیانی هەموو تاکێکی کوردستان بۆ ئێستاو داهاتوو ئەنجامداوە.
بەروار : ٢٠١٥/٨/٧