لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و یاریدەدەری دکتۆر محەمەد رەشید موختار سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و راگرو سەرۆک بەش و بەرپرسی ئای تی و دڵنیایی جۆری کۆلێژەکان و بەڕێوەبەرەکانی دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ، کۆبونەوەیەکی بەرفراوان بەسەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رێکخرا بۆ بە دواداچوونەوەی خۆئامادەکردنی زانکۆی سەلاحەدین بۆ پێشبڕکێی ریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرا، لە کۆبونەوە بەرفراوانەکەی زانکۆی سەلاحەدین دا کە زۆرینەی هەرە زۆری بەرپرسانی زانکۆکە بەشداربوون، دکتۆر ئەحمەد دزەیی گرینگی پڕۆژەی ریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی بۆ ئامادەبووان روونکردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پڕۆژەیە وا دەکات پێشبڕکێی زانستی و ئەکادیمی لە زانکۆکانی کوردستان بێتەکایەوە، ئامانجی پێشخستنی کایە ئەکادیمی و مەعەریفیەکانی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستەسەر هەنگاوێکی تازەی زانکۆی سەلاحەدین لە بە ئەلیکترۆنیکردنی زانکۆو داوا لە ئامادەبوان کرد کە هەموو بەرپرسن لەوەی بە زووترین کات کاروبارە زانستی و کارگێڕییەکانی زانکۆی سەلاحەدین بکرێنە ئەلیکترۆنی و ببین پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان لە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری تازەی جیهان ، ئامانجی کەڵک وەرگرتنی گشتی، بەتایبەت توێژی قوتابیان و مامۆستایان.
سەرۆکی زانکۆ لە درێژەی رێنماییەکانی دا داوای لە ئامادەبووان کرد کە بایەخ بە ئیمێڵی زانکۆ و ماڵپەڕی زانکۆ بدەن، لەبەرئەوەی بڕبڕەی هەڵسەنگاندن و پۆلینکردنی زانکۆ جیهانیەکان لە ئێستادا پەیوەستە بە ماڵپەڕی زانکۆکان کە تیایدا بە شەفافی کاروبارە زانستی و کارگێڕیەکانی تێدا بڵاو کراوە، هەربۆیە لە مڕۆ بەدواوە دەبێت هەمووان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرین و خۆمان بە بەرپرس بزانین لە ئاستی زانستی زانکۆو پێشخستنی هەموو بوارەکان، بۆیە زانکۆ چەندە ئاستی زانستی بەرزبێت و لە رووی ژمارەو تەلارسازی و کوالێتیەوە باش بێت، ئەگەر ماڵپەڕێکی ئاست نزمی هەبێت، ئەوە بەرهەمی بە فیڕۆ دەڕوات، دزەیی ئەوەشی گوت: بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بە هەوڵ و کۆششی مامۆستایان و بەرپرسانی زانکۆ ئاستی زانکۆمان لەئەرزی واقیع و لەسەر ماڵپەڕ هاوتەریب بێت.
بەروار: ٢٠١٥/٨/١٣