کاتژمێر (٩:٣٠)شەوی پێنج شەممە ٢٠١٥/٧/٢ بە چاودێری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدروشمی بەرخودانی پێشمەرگە هەوێنی سەربەخۆبوونمانە لە یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، بە ئامادەبونی دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی بالااَوتوێژنەوەی زانستی کە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکرد لە مەڕاسیمەکە، هەروەها وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و بەغدا و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، زانکۆی سەلاحەدین ئاهەنگی خولی (٣٤)ی دەرچووانی سازکردو بڕوانامە بەسەر لە ٣٤١٠ قوتابی دەرچوو بەخشی. سەرەتای ئاهەنگەکە بەهاتنە ژوورەوەی دەرچووانی خولەکەو مامۆستایانی زانکۆکە بۆ ناو یاریگاکە دەستی پێکرد، پاشان بۆ ریزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ئامادەبوان چەندخولەکێک وەستان، دواتر چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە. ئینجا وتاری سەرۆکی لێژنەی باڵای ئاهەنگی دەرچووان لەلایەن (پ.ی.د.محمد رشید موختار) خوێنرایەوە. هەر لە ئاهەنگەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی) پەیامی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە کە لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم دا هاتووە:
جێگەی خۆشحاڵیمە کە ئەمڕۆ شایەدی ئاهەنگی دەرچوونی پۆلێکی دیکە لە قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدین دەبین. (٣٤)ـە مین خولی دەرچوونی قوتابیانی ئەم زانکۆیە تۆمارکردنی لاپەڕەیەکی نوێیە لە مێژووی سەرکەوتن و شانازییەکاندا و بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە گشت مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆی سەلاحەدین بکەم کە لە هەموو بارودۆخێکدا ماندوونەناسانە نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن پەک بخرێت و شوێن پەنجەیان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستانی دیار و بەرچاوە.
سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەدا رایگەیاندووە: ساڵی خوێندنی ٢٠١٤-٢٠١٥ کە گەلەکەمان تیایدا بەرەوڕووی شەڕێکی داسەپاوی دوژمنێکی دڕندە بۆوە، بەو هۆیەشەوە بە دڵنیاییەوە ئێوەیش ساڵێکی سەختتان بەڕێ کرد، خۆشحاڵم کە دەبینم وێڕای سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرەکانی شەڕ و تێکشکاندنی تیرۆریستان، ئێوەش لە سەنگەرەکانی خوێندندا نەتانهێشت دوژمنان بە مەرامی گڵاویان بگەن و دەرچوونی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکانی کوردستان، سەرکەوتنێکی دیکەی گەلەکەمان بوو بەسەر تیرۆریستاندا، بۆیە هەر لێرەوە دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیانی کوردستان دەکەم لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا و شانازییان پێوە دەکەین.خۆشبەختانە ئێستا ژمارەیەکی زۆری زانکۆ و پەیمانگە و ناوەندی خوێندنی ئاکادیمی لە کوردستاندا هەن و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری قوتابی و پسپۆڕ بۆ خزمەتکردنی وڵات پێدەگات. پێویستە قوتابیی کوردستانی بە پەروەردەی نیشتیمانپەروەری و ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان گۆش بکرێت و ئەو بڕوایەی لا دروست بێت کە وڵاتەکەی هیچی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کەمتر نییە و ئامانجی مەزنی پێشکەوتنی وڵاتەکەی و خزمەتکردنی خەڵک بێت لەبەرانبەر کێشەو کەموکورتییەکانی کۆمەڵگە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت. لە بەرانبەریشدا پێویستە هەموو جۆرە ئاسانکاری و کەرستەی خوێندنێکی باش بۆ قوتابیان دابین بکرێت و لە پلانە ستراتیژییەکانیشدا چ لە کەرتی حکوومی و چ لە کەرتی تایبەتدا بوار بۆ کارکردن و سوود وەرگرتن لە پسپۆڕیی قوتابییە دەرچووەکان پێشبینی بکرێت، تا بەپێی پسپۆڕییەکانیان خزمەتی گەل و نیشتیمانەکەیان بکەن و لە پێشخستنی وڵاتدا بەشداربن. هیوامان بەتوانای ئەم گەنجانە زۆرە و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
بەڕێز مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە:زانکۆی سەلاحەدین وەک زانکۆی دایک و هەموو زانکۆکانی دیکەی هەرێم جێگەی بایەخی ئێمەن. لە هیچ هاوکارییەک درێغی ناکەین بۆ پێشخستنی ئاستی زانستیی ئەم زانکۆیە، بۆیە هیوادارین هەنگاوی زیاتر ببینین بۆ نوێکردنەوە و گەیاندنی ئاستی زانکۆکانمان بە ستاندەرە جیهانییەکان.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم دا کە لەلایەن سەرۆکی زانکۆ خوێنرایەوە ئەوەشی رایگەاندووە: لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە دواڕۆژی کوردستان زۆر ڕووناکە. لە سایەی ئازایەتیی و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکانمان و خەبات و کۆڵنەدانی گەلی کوردستان و خوێنی شەهیدان، هەموو جیهان بەڕێز و ستایشەوە دەڕوواننە گەل و وڵاتەکەمان، ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک خەڵکی کوردستان ئومێدی بە ئاییندەیە و حەزی لە پێشکەوتنە. کاتی ئەوە هاتووە لەپیناو دابینکردنی ئاییندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان، بڕوامان بەخۆمان بێت و چارەنووس و دواڕۆژی خۆمان بە دەستی خۆمان بنەخشێنین. دەبێ ئەو بڕوایەمان بەهێز بکەین کە دەتوانین هەموو ئاواتەکانمان بهێنینە دی.دووبارە لە دڵەوە خۆشحاڵم بە دەرچوونتان. پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. هەر بمێنن بۆ کوردستان.
پاشان دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەنوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، لەسەرەتای وتارەکەیدا بەناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پیرۆزبای گەرمی لە دەرچوان و سەرکەوتنی ئەو پۆلە گەنجەی لە کۆڕان و کچان کرد، ڕاشگەیاند: ئەم پۆلە دەرچووە هاوشانی دەرچوانی زانکۆکانی دیکەی کوردستان دەبنە بەشێکی گرنگ لە توانا مرۆییەکانی وڵاتەکەمان و بەشداری کارا لە کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دەکەن. د.یوسف گۆران دەستخۆشی لە ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەددین کرد لە بەرامبەر بڕیاردانیان بۆ ئاهەنگی خولی (٣٤) زانکۆکەیان کە بەدروشمی (بەرخودانی پێشمەرگە مایەی سەربەخۆبونمانە) بەڕێوەیان برد، لەو چوارچێوەشدا وتی: ئەمڕۆ هەمومان لە سایەی خوێنی شەهیدانی وڵاتەکەمان و نەبەردی و بەرخودانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاهەنگی دەرچونی ئێوە دەگێڕین و، هەر لە سایەی ئەوانیش کوردستانمان ئازاد و ئاوەدان و ئارامە.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەدۆخی ساڵی ڕابردو کرد و وتی: لەگەڵ ئەوەی ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بەبارودۆخێکی دژواردا تێپەڕی و، سەرباری ئاستەنگییەکان و قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی بەهاریکاری هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکەوتنی مەزن بۆ مرۆڤایەتی تۆمار بکەن و، لە سەنگەرەکانی بەرەنگاربونەوەدا هەمیشە لە پێشڕەویدا بن و، پارێزگاری لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکەن و، هەرێمی کوردستانیش وەک کیانێکی ئارام و مرۆڤ دۆست و ئازاد و دیموکرات لە پێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەک ئەستێرەیەک بدروشێتەوە. بۆیە هەموو دەسکەوتەکانمان بەدەرچونی خوێندکارانیش هەر لە سایەی خوێنی شەهیدان و قارەمانی و خۆڕاگری ڕۆڵە پێشمەرگەکانمان هاتۆتە ئاراوە.
سەبارەت بەدۆخی خوێندن و کارو بەرنامەکانی وەزارەت لە ماوەی ساڵی خویندنی ڕابردودا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: سەرباری ئەو دۆخە تایبەتەی کوردستان، بەڵام پڕۆسەی ڕیفۆرم و گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە کوردستان بەردەوام بوە، وتیشی ساڵی ڕابردو کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربونی کابینەی هەشتەم هێڵە گشتیەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵامان ڕونکردەوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگمان خستەڕوو، بەتایبەت لە بوارەکانی گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی و، پێداچونەوەی تەواوی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین و، فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، نزیکردنەوەی کەرتی خوێندنی باڵا لە ستانداردە ئەکادیمیە نێودەوڵەتییەکان. د.یوسف گۆران ئاشکرایکرد: کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا گەلێک لەو پڕۆژانەیان دەستپێکردوە و، بەشێکی زۆریان لە قۆناغی جێبەجێکردن و تەواوبوندان، وتیشی هەنگاوەکانمان بەئاڕاستەی کارکردنە بۆ پاراستنی کواڵیتی خوێندن و فێرکردن لە زانکۆکانمان، بۆ ئەوەش تەرکیزی تەواومان لەسەر پتەوکردنی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین و، پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و، بۆشاییەکانی نێوان پێداویستیەکانی بازاری کارو ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانمان هەیە.
هەر سەبارەت بەبەزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، د.یوسف گۆران لە وتارەکەیدا ڕونکردنەوەی زیاتری داو وتی: خۆشبەختانە ئەمساڵ توانیمان پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بخەینە قۆناغێکی پێشکەوتوی جێبەجێکردنەوە، ڕونیشیکردەوە کە ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی زانستیانەی زانکۆکانی کوردستان و، ڕیزبەندکردنیان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتییەکان و، ڕێکخستنی پێشبڕکێی زانستی لە نێوان زانکۆکان، هەر لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران ئاماژەی بەگرنگی پڕۆژەکە کرد و وتی: پڕۆژەکە هەلی پێشبڕکێ لە نێوان زانکۆکان لەسەر بنەمای کواڵیتی دەڕەخسێنێت، هاوکات هۆکارێکی گرنگە بۆ ناساندن و ئاشناکردنی زیاتری زانکۆکانی کوردستان بەپێوەرو کەلتورو ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، کە لە ئاکامدا بەرزبونەوەی کواڵیتی زانکۆکان و گەشەکردنی زانستی و ئەکادیمی لێدەکەوێتەوە.
لە ئاهەنگەکەدا نوێنەری قوتابیانی دەرچوو وتارێکی بەناوی قوتابیانی دەرچوو خوێندنەوە.
بەشێکی دیکەی مەڕاسیمەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی سوێندی دەرچووان کە لەلایەن (پ.د. ئیبراهیم حەمەڕەش) خوێنرایەو دەرچووانیش سوێندەکەیان دووبارە دەکردووە.
لە کۆتایی کەرنەڤاڵە ئەکادیمیەکەدا راگری کۆلێژەکانی زانکۆ داوایان لەسەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین کرد کە بڕوانامە ببەخشێت بە دەرچووان و سەرۆکی زانکۆش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدرابوو لە ئەنجومەنی زانکۆ بڕوانامەی بەخشییە (٣٤١٠) قوتابی لە (١١) کۆلێژی جیاواز.
بەروار :٢/٧/٢٠١٥