لە ژێر چاودێری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ( نێچیرڤان بارزانى) و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسە حکومیەکان و مامۆستا و توێژەرانی زانکۆیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا، زانکۆی سەلاحەدین کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی بۆ زانستە پراکتیکی و بنەرەتیەکان سازکرد. لە مەراسیمێکی شایستەدا گەوەرترین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی کوردستان دەستی پێکرد کە زانکۆی سەلاحەدین بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئایرلەنگی ئەندەنوسی و زانکۆی تەکنیکی مالیزی رێکی خستبوو. لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە بەرێزان، کەریم سنجاری (وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم) و نەوزاد هادی (پارێزگاری هەولێر) و سەلام خۆشناو (بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عیراقی) و سوڵتان عورابی (ئەمینداری گشتی زانکۆ عەرەبیەکان) و ئۆرهان عزیز ئۆغلۆ (سەرۆکی زانکۆ جیهانیەکان) و سەرۆکی زانکۆکان و راگری کۆلیژەکان و مامۆستایانی زانکۆ بەشداربوون، تێیدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (دکتۆر ئەحمەد دزەیی) لە دەسپێکی مەراسیمەکەدا ووتەیەکی پێشکەش کرد. سەرۆکی زانکۆ لە ووتەکەیدا ئاماژەى بەوە کرد کە زانکۆی سەلاحەدین بە ئەرکی خۆی دەزانی لە بواری پێشکەوتنی زانستی لەسەر ئاستی هەرێم هەمیشە پێشەنگ بێت. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کەوا زانکۆی سەلاحەدین بە هاوبەشی دوو لە گەورەترین زانکۆ جیهانیەکان هەڵساون بە ئامادەکردنی ئەو کۆنفرانسە پر بایەخە. لە بەشێکی دیکە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین گوتی " سازکردنی ئەو کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەی بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆکانی هەرێم " لە کۆتاییدا ووتەکەشیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە زانکۆی سەلاحەدین کاری هاوبەشی دیکەى دەبێ لەگەڵ ئەو زانکۆیانەى لەو کۆنفرانسە بەشدارن.
لە بەشێکی دیکەى مەراسیمەکەدا نەوزاد هادی ( پارێزگاری هەولێر) ووتەیەکی پێشکەش کرد کە تێیدا گووتی " مایەى خۆشحاڵیەکی زۆرە بۆ ئێمە کە کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە لە شارەکەمان سازدەکرێت، کە شارەکەی ئێمە بە درێژایی هەزاران ساڵ لە هەناسەدان نەکەوتووەو هەمیشە ژیان بەردەوام بووە تێیدا، چونکە هەولێر شاری پێکەوە ژیان بووە لە هەموو سەردەمێک " لە بەشێکی دیکەی ووتەکانیدا ئاماژەى بەوە کرد کە حکومەت بایەخ بە ناوەندە زانستیەکان دەدات سەرەرای ئەوەی کە ئێستا بە قۆناغێکی نالەبار تێدەپەرێت، ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە پەرە بە بواری زانست دەدات.
پاشان کەریم سنجاری (وەزیری ناوخۆ) وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی خوێندەوە. لە پەیامی سەرۆکی حکومەتدا ئاماژە بەوە کرا کەوا ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری مامۆستاو توێژەرو خەڵکی ئەکادیمی و عەقلی زانستی ئەنجامی زانستی ئەرێنی و سودبەخشی لێ دەکەوێتەوە. کەریم سنجاری گووتی " بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کۆنفرانسە مانایەکی گەورەی هەیە بۆ ئێمەو بەچاوی رێزەوە لێی دەروانین، حکومەتی هەرێم بە دیدگایەکی روونەوە لە پێشکەوتنی زانکۆکان دەروانێ بە تایبەت لە قۆناغی ئێستاو داهاتوودا". لە بەشێکی دیکەى ووتەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کەوا ئێمە وەک میللەتی کورد هەمیشە هەوڵدراوە لە کاروانی زانست دامانبڕێنن و لە پێشکەوتن دووربکەوینەوە، بەڵام ئێستا سەرەرای قەیرانەکان بواری زانست لە هەرێمی کوردستان هەمیشە لە پێشکەوتندایە. کەریم سنجاری ووتی " ئەو قەیرانەى رووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەوە کاریگەری لە گشت سەکتەرەکان کردووە، خوێندنی باڵاش کەوتۆتە ژێر ئەو کاریگەریە، بەڵام زانکۆکان توانیان رووبەرووی بوەستنەوەو سازدانی ئەو کۆنفرانسە نمونەیەکی ئەمەیە، بۆیە ئێمە سوپاسی هەڵوێستی کادیرانی زانکۆ دەکەین کە بەرگەی سێ ساڵی ناهەمواریان گرتووە." هەروها گوتی " ئێمە وەک حکومەتی هەرێم هەوڵمانداوە سود لە جیهانی پێشکەوتوو وەربگرین، یەکێ لەو بوارانە ئەوەیە کە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە زانکۆ جیهانیەکان بکەن." لە کۆتاییدا ووتەکانیدا گووتی " ئێمە پێویستیەکی زۆرمان بەوە هەیە کە زانکۆ بە لێکۆڵینەوەی زانستی هاوکارێک بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک و هاوکار بێت بۆ دۆزینەوە میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنى ستراتیژیەتى حکومەتى هەرێم و هاوکار بێت لە دۆزینەوەی جێگرەوەی نەوت وگاز بۆ ئەوەی پەرە بە بواری کشتوکاڵی و بازرگانی و گەشتیاری بدرێت"
شایەنی باشە ئەمە شەشەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیە بۆ زانستە بنەرەتی و پراکیتیەکان، کە هەر دوو ساڵ جارێک لە ووڵاتێک سازدەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٣ لە ووڵاتی ئەندەنوسیا سازکرا، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ لە ووڵاتی مالیزیا سازکرا، ئەم ساڵیش لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەرێمی کوردستان سازدەکرێت و وا بریارە لە رۆژانی ١٨-٣/١٩/ ٢٠١٧ بەردەوام بێت.
بەروار :٢٠١٧/٣/١٩