لەدیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتیەکان پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی ئەنبار بە سەرۆکایەتی دکتۆر محەمەد ئەلحەمدانی سەرۆکی زانکۆی ئەنبارو دکتۆر بیلال ئەلراوی بەڕێوەبەری سەنتەری کۆمپیوتەرو دکتۆر موعاز هیلال بەڕێوەبەری کاروباری قوتابیان. لە دیدارێکدا پتەوکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوان هەردوو زانکۆ تاوتوێکرا. هەر لە دانیشتنەکەدا وێڕای قسەکردن لەسەر بەندوبڕگەکانی ئەو یاداشتنامە لە یەکگەیشتنەی تایبەت بە هاریکاری زانستی و رۆشنبیری نێوانیان، جەخت لەسەر ئاڵۆگۆڕی پسپۆڕی و بڵاوکراوە زانستی و رۆشنبیریەکان و توێژینەوەی هاوبەش و سەردانی زانستی دەستەی وانەبێژان و راهێنان و کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی یەکتری لە بواری ئئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەت ئاسانکاری بۆ توێژەرانی هەردوو زانکۆ تا لە سوود لە زانیاری و داتای یەکتری وەربگرن لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگای ئەنبار. شیاوی باسە زانکۆی سەلاحەدین لە ئێستادا پەیوەندی لەگەڵ زۆرینەی زانکۆکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و ئێران و تورکیا و ئەوروپاو ئاسیا لە ئاستێکی باش دایەو زیاتر لە ٢٠٠ رێکەوتننامەی هاوبەشی واژووکردوە.
بەروار :٢٠١٥/٨/١٤