دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازیکرد لە شاندێکی زانکۆی حەسەن کلیۆنجۆی لە غازی عەنتاب لە تورکیا کە پێکهاتبوو لە پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد کارپوزجو سەرۆکی راوێژکاران و بەڕێوەبەری پەیمانگەی زانستەکان و تەکنەلۆجیا و ژینگە لە زانکۆی حەسەن کلیۆنجۆ و دکتۆر نوروڵڵا ئاکبولوت مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری شارستانی فەکەڵتی ئەندازیاری لە دیدارێکدا کە عەلی رەشید خۆشناو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئامادەی بوو باس لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو زانکۆ کرا، بە تایبەت لە ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان و پڕۆژەی هاوبەشی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان هەردوودا تا کەڵک لە ئەزمون و زانستی شارەزایانی پسپۆڕییە هاوشێوەکانی یەکتر وەربگرن. هەروەها سەرۆکی زانکۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە بەهۆی کرانەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕووی جیهاندا، ئێستا زانکۆ جیهانییەکان ئامادەیی دەردەبڕن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان بەتایبەت لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی سەلاحەدینیش لە شاری هەولێر وەک گەورەترین و دێرینترین زانکۆی کوردستان بۆتە ناوەندی ئەکادیمی زانکۆ جیهانییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، کە هەندێ لەو زانکۆیانە رێککەوتننامەی لە یەکگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆ هەیە.
بەروار :٢٠١٥/٥/١٨