لەدیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی حەسەن کالینجۆ لە غازی عەنتاب بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر تامێر یەڵماز سەرۆکی زانکۆکەو مامۆستا نوروڵڵا ئەکبولوت بەرپرسی قوتابیانی بیانی لە زانکۆکە کرد، لە دانیشتنەکەدا کە عەلی رەشید خۆشناو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئامادەبوو باس لە پتەوکردنی پەیوەندی ئەکادیمی نێوان زانکۆ کوردستانی و تورکییەکان کرا، هەروەها جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا یاداشتێکی لە یەکگەیشتن واژوو بکرێت لە نێوان هەردوو زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی حەسەن کالینجۆ لە بارەی وەرگرتنی قوتابیانی ماستەرو دکتۆراو توێژینەوەی زانستی هاوبەش و سوود وەرگرتن لە ئەزمونی زانستی یەکتری، لە لایەکی دیکەوە لە بڕیارە لە یاداشتنامەکەدا کار بە هەردوو بەرنامەی زانستی و ئەکادیمی مەولانای تورکیا و بەرنامەی ئیراسمۆس مۆندسی ئەوروپی بکرێت کە هەردوو زانکۆی سەلاحەدین و حەسەن کالینجۆ تێیدا ئەندامن. لە لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وێڕای ئەوەی ئامادەیی زانکۆی دەربڕی لە پێناو هەر هاوکارییەک کە ببێتە هۆی سود وەرگرتنی دوولایەنە بۆ بەرژەوەندی زانکۆ،لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی تا کاری هاوبەشی زانستی بکەن. لە دانیشتنەکەدا دکتۆر ئەحمەد دزەیی ئەوەشی رونکردەوە کە پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سەلاحەدین کە گەورەترین پڕۆژەی زانستی و ئەکادیمیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وا دەکات ئایندەی زانکۆ گەشتر بێت بەهۆی ئەوەی ژێرخانی زانستی لە رووی تەلارسازی و تاقیگەوە بەرفراوانتر بێت.
٢٠١٥/٧/٢٩