کاتژمێر (١٠)ى بەیانى رۆژى دووشەممە :٢٠١٥/١١/١٦ لەهۆڵى سەنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەلاحەدین بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و سەرۆکى زانکۆکانی پۆلیتەکنیکى هەولێرو کۆیە و کەرکووک و جیهان، کونفڕانسێک بۆ بەرەو پێشبردنى هاوبەشى نێوان بەشى ئەندازیارى زانکۆى سەلاحەدین و بەشى ئەندازیار یزانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لەگەڵ زانکۆى فڕایبێرگى ئەڵمانى سازدرا، شایانى باسە ئەم کۆنفڕانسە دوو رۆژ دەخایەنێت کە رۆژى یەکەم زیاتر وتار خوێندنەوە و خستنەڕووى کار و چالاکییەکانە، هاوکات لەرۆژى دوومدا چەندین توێژینەوە لەسەر ئاستى ماستەر پێشکەش دەکرێ وەک (٤)توێژینەوە لەلایەن مامۆستایانى زانکۆى سەلاحەدین و (٤) توێژینەوە لەلایەن مامۆستایانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و (٤) توێژینەوە لەلایەن مامۆستایانى زانکۆى فڕایبێرگى ئەڵمانییەوە پێشکەش دەکرێ.لە دەسپێکی کۆنفڕاسەکەدا دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین وتارێکى سەبارەت بەو کۆنفڕانسە پێشکەش کرد و ئاماژەی بە پەیوەندیەکانى نێوان هەردوو زانکۆ کرد و هیواى خواست کە ئەو جۆرە کارە هاوبەشانە زیاتر بن و رێکەوتنی لەم جۆرە لەتەک زانکۆکانى دیکەى کوردستان ئەنجام بدرێ.
لە پەراوێزی کۆنفڕانسەدا رێککەوتن لەنێوان زانکۆى فڕایبێرگى ئەڵمانى و زانکۆکانى کۆیە و پۆلیتەکنیکى هەولێرو کەرکووک واژوو کرا.لەلایەکى دیکەوە زانکۆى سەلاحەددین لەساڵى ٢٠٠٩لەگەڵ زانکۆى فڕایبرگى ئەڵمانى رێکەوتنامەیان واژوو کردووە تا لەبوارى راهێنان و دامەزراندنى تاقیگە و ئاڵوگۆڕکردنى مامۆستایان و ئەنجامدانى خولەکانى راهێنان و سەرپەشتیکردنى قوتابیانى خوێندنى باڵا هاوکارى یەکتر بکەن، ئەوەى شایانى باسە هەموو پڕۆژەکە
لەسەرەتاوە تا ئێستا لەرووى داراییەوە لەلایەن رێکخراوى DAADى ئەڵمانییەوە بووە.
بەروار :٢٠١٥/١١/١٦