سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی بە یاوەری بەڕێوەبەری ئەندازەو پڕۆژەکانی زانکۆ سەردانی هەردوو پڕۆژەی بەشەناوەخۆیی قوتابیان و هۆڵی مەلەوانگەی داخراوی وەرزشی کرد. لە بەسەر کردنەوەکەیدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەستخۆشی لە بەڵێندەرانی هەردوو پڕۆژەکە کرد کە سەرباری قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و ئەو بارگرانەی کەوتۆتە سەریان لە نەبونی بودجەی پێویست کەچی بە راوەستان لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان کاریان کردوەو ئێستاش گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی، سەرۆکی زانکۆ هیوای خواست هەرچی زووترە ئەو قەیرانە داراییە کۆتایی بێت تا بتوانرێت ئەو پڕۆژانەی بۆ خزمەتکردنی قوتابیان لە پلانی زانکۆدایە بخرێنە بواری جێبەجێکردن، بەتایبەت پڕۆژە گەورەکەی زانکۆ کە خۆی لە کەمپی نوێی زانکۆ دەبینێتەوە. شیاوی باسە پڕۆژەی بەشەناوەخۆیی قوتابیان بۆ (١٥٠٠) قوتابی بە گوژمەی زیاتر لە ٢٢ ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی زانکۆکان دروست دەکرێت کە دەبێتە چوارەم کۆمەڵگەی بەشەناوەخۆیی گەورەی قوتابیان لەدوای کۆمەڵگەی بەشەناوەخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدینی کوڕان و کۆمەڵگەی بەشەناوەخۆیی ١٨ی شوباتی کچان و بەشەناوەخۆیی شەهید لەیلا قاسمی کچان، بەتەواوبوونی ئەو کۆمەڵگەیە گرفتی نیشتەجێبوونی قوتابیانی دەرەوەی شار چارە دەکرێت بەبێ ئەوەی ساڵانە باڵەخانەی کەرتی تایبەت بە کرێ بگیرێت بە بودجەیەکی زۆر. هەروەها هۆڵی مەلەوانگەی داخراوی وەرزشی کە خەونێکی گەورەی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەلاحەدین بوە بە گوژمەی نزیکەی ٦ ملیار دینار لەسەر بوجەی پڕۆژەکانی وەزارەتی پلاندانان دێتە جێبەجێکردن، ئەو پڕۆژەیەش هاوشانی پڕۆژەکانی دیکە حکومەت بە هۆی قەیرانی داراییەوە سستی تێکەوت، بەڵام لە ئێستادا بەردەوامی هەیە گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی.
بەروار :٢٠١٥/٨/٣١