رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٨/٣/٢٠١٦ هەفتەی نێودەوڵەتی ئاوی کوردستان لەشاری هەولێر لە دوای سێ رۆژ کارەکانی بە چەندین توێژینەوەی زانستی بە بەشداری زانکۆ ناوەخۆی و دەرەکییەکان بەئامادەبوونی دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و راگری کۆلێژی ئەندازیاری و محەمەد ئەمین فارس بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و ئەکرەم ئەحمەد رەسول بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و مامۆستایانی زانکۆ و کارمەندانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کۆتایی بەکارەکانی هێنا .
لە وتارێکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: گرنگی ئەنجامدانی ئەم چالاکییەی لەبارەی ئاو و داهاتوی ئاوی هەرێمی کوردستان بەبەشداری زانکۆکانی پارچەکانی تری کوردستان بەبایەخ وەسفکردو گوتی: کێشەی ئاو یەکێکە لەکێشە جیهانییەکان، میللەتان و وڵاتان قسەو باسی زۆری لەبارەوە دەکەن، بۆیە ئەم بابەتە بۆتە بایەخی ئەو وڵاتانەی کە لەم کێشەیەدا نزیکبوونەتەوە. بۆ ئەوەش وتی: بەو پێیەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش بەگشتی لەمەترسی ئەم کێشەیە بەدوور نیە و پێشبینی کراوە، بۆیە پێویستە هەنگاو و پلانی ستراتیژی و ڕاسپاردەی گرنگ پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی دروست و زانستی لەم بارەیەوە.
لە درێژەی وتارەکەیدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: زانکۆکان لەڕوی زانستی و ئەکادیمیەوە ئەرکیانە توێژینەوەی زانستی لەبارەی ئاو و کێشەکانی داهاتوی ئاو لەسەر هەرێمی کوردستان بخەنەڕوو، هەروەک پێشبینی و پێشنیازەکانی خۆشیان بۆ حکومەتی هەرێم لەبارەی پاراستنی ئاوی کوردستان پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا ئەندامانی بەشداربوی هەفتەی ئاوی کوردستانیشی ڕاسپارد گروپی هاوبەش لەنێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ دروست بکەن بۆ ئەوەی دیدێکی گشتگیر سەبارەت بە چارەسەری پرسەکە بخەنەڕوو.
لەکۆتایی وتارەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشنیازی کرد زانکۆی سەلاحەدین کۆنفرانسێکی بەرفراوانی تایبەت بە ئاو ڕێکبخات و، وڵاتانی دراوسێ و ئەوانەی ڕوبەڕوی کێشەی ئاو بونەتەوە لەو کۆنفرانسەدا بەشداریان پێ بکرێ تا پێشنیاز و ڕاسپاردەی زانستی و ڕێگەچارەی دروست پێشکەش بە وڵاتان بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەی ئاو لەسەر بنەمای هەرێمی چارەسەری هاوبەشی بۆ بدۆزرێتەوە. لەبەشێکی تری هەفتەی نێودەوڵەتی ئاوی کوردستان چەند ڕاسپاردەیەک خرایەڕو بۆ ئەوەی بتوانرێت چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکانی ئاو بدۆزرێتەوە. گرنگترین ڕاسپاردەکانیش بریتیبون لە:
١. پێویستە ئاو پارێزگاری تەواوی لێبکرێت.
٢. وەک بابەتێکی سیادی لەلایەن حکومەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت
٣. هەماهەنگی و پەیوەندنی نێوان زانکۆکان و فەرمانگەکانی ئاو پتەو تربکرێت.
٤. گرنگی زیاتر بە ئاوی ژێر زەوی بدرێت.
٥. هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ فراوانتر بکرێت بۆ پاراستنی ئاو.
٦. هانی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆش بدرێت بۆ کارکردن لەسێکتەری ئاو و پەرەپێدانی سەرچاوەکانی و رێگەگرتن لە بەفیرۆدانی.
هەفتەی نێودەوڵەتی ئاوی کوردستان بە دروشمی ئاو بۆ ژیان بەبەشداری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و مامۆستایانی زانکۆ، لەلایەن بەشی ئەندازیاری بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین بۆ ماوەی هەفتەیەک کارەکانی لەشاری هەولێر ئەنجامدا. لەکۆتا ڕۆژی کۆنفڕانسەکەشدا لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
بەروار :٢٠١٦/٣/٩