بەچاودێرى سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (دکتۆر ئەحمەد دزەیی) و بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان (ئەحمەد کانی) و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، زانکۆی سەلاحەدین بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگاى تەکنیکی بۆ خوێندنی باڵا لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سازکرد بە ناونیشانی ( مێژووی دراوی سەدەکانى ناوەراست لە رۆژهەڵاتی ناوەراست). لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا کە شاندی چەندین زانکۆی نێودەوڵەتی لە شەش ووڵاتی جیاواز ئامادەبوون، تێیدا کۆنفرانسەکە دەستی بە کارەکانی کرد.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتەیەکی پیشکەش کرد و تێیدا ئاماژەى بە هەوڵەکانى زانکۆی سەلاحەدین کرد لە گرنگیدانی بەو بابەتانەی شارستانیەتی ناوچەکانى کوردستان نیشاندەدا. بابەتی شوێنەوار چەندین ساڵە گرنگیەکی زۆری پێداوەو لەو پێناوە چەندین هەنگاوی هاوێشتوە. ئەم بابەتەی ئەمرۆش یەکێکە لە چالاکیەکانی بەشی شوێنەواری زانکۆی سەلاحەدین کە بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگاى پراکتیکی پاریس ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر کراوە. ئێمە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە لە بوارە شارستانى و مێژوویەکان کۆنفرانسی زانستیمان سازکردووە.
لە بەشێکی دیکەى مەراسیمەکەدا پارێزگاری هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو شارستانیەتانەی لەو ناوچەیە بوونیان هەبووە، بە بایەخەوە لە کارەکانى ئەو کۆنفرانسەی روانی، لەم روانگەیەوە باسی لەو کارانە کە پارێزگاى هەولێر لە بواری شوێنەوار ئەنجامى داوە. دواتر ئاماژەى بەو ناوچانە کرد کە لە هەولێر شوێنەواری دێرینی لێیەو دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ گرتووە. هەروەها ( مەلا ئاوات) بەرێوەبەری گشتی شوێنەوار ئامادەیی خۆی دەربری بۆ هەر جۆرە هاوکاریەک بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە.
لە دوا بەشی مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکدا سەرۆکی (جۆن میشیل مۆتۆس) ووتاری شاندی فەرەنسی پێشکەش کرد، لە ووتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کەوا کوردستان شوێنێکی لەبارە بۆ توێژینەوەو گەرانی شوێنەواری، بۆیە بەوپەری ئامادەباشیەوە خۆیان بۆ ئەو کۆنفرانسە ئامادەکردووە.
شایەنی باسە ئەمرۆ ٤-٤-٢٠١٧ کۆنفرانسەکە دەستی بە کارەکانى کرد و وا بریارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت. ئەم کۆنفراسنە لەلایەن بەشی شوێنەواری زانکۆی سەلاحەدین ئامادەکراوە کە لە شەش پانێلی سەرەکی پێکدێت و تێیدا چەندین توێژینەوە لەلایەن مامۆستاو توێژەرانی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆ بەشدارەکان دەخرێنە روو.
بەروار :٢٠١٧/٤/٥