بە ناونیشانى (توێژینەوەى زانستى بۆ خزمەتى کۆمەڵگا ) دەزگاى توێژینەوەى ئەمریکى ) بە هاوکارى زانکۆى سەلاحەدین یەکەم کۆنفرانسى نێ دەوڵەتى بۆ زانست و ئەدەبیات لە هوتێلى شیراتۆن لە هەولێر ئەنجام دا .
لەو کۆنفرانسەدا کە نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر و د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین ،وەسەن ناسر محەمەد عوبەیدى ئەمیندارى گشتى کۆنفرانس و د. کازم عومران سەرۆکى کۆنفرانس و ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆ ئامادە بوون .
سەرۆکى کۆنفرانس وتەیەکى پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەى بە گرنگى ئەنجامدانى ئەو کۆنفرانسانە دا لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و کاریگەرى و ئەنجامەکانى بەرز نرخاند بۆ پەرەسەندنى بارى زانستى و مەعریفى ،ئینجا تیشکى خستنە سەر شارستانیەتى عیراق و ئاوێزان بوونى ئەو شارستانیەتانە لە گەڵ یەکتردا ، بە تایبەت لە رووى زانستى و ئەدەبییەوە .
دواتر نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر ، خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەرامبەر بەو کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیە لە هەولێرو ئاواتى ئەوەى خواست کە کۆنفرانسەکە ئەنجامى ئەرێنیانەو سەرکەوتووانە بە دەست بێنێ لە کارەکانیدا، بە تێرو تەسەڵیش ئاماژەى بە سەرهەڵدانى ئەو شارستانیەتە کۆنانەى کرد لە عیراق و کوردستان تا بە ئەمڕۆ دەگات .
ئینجا د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین ئەو هاوکارییەى نێوان دەزگاى توێژینەوەى ئەمریکى و زانکۆى بەرز نرخاند بۆ گەشەپێدانى زانست و مەعریفە لە کوردستانداو ئاماژەى بە شارستانیەتى کۆن و نوێ ى کوردستان کرد ،لە رووى شارستانیەت و زانست و ئەدەب و هەولێرى بە سەرچاوەى سەرەکى لە دایک بوونى ئەو شارستانیەتە کۆنانە هەژمارکرد.
پاشان چەند وتارێکى تر لە لایەن د. خالد موهەنەد راگرى کولێژى پەروەردە لە زانکۆى بەغداو نوێنەرى دەزگاى توێژینەوەى ئەمریکى پێشکەش کرا .
دواتر دیارى رێزلێنان لە لایەن سەرۆکى زانکۆ پێشکەش بە ژمارەیەک لە بەشداربووانى کۆنفرانس کرا ، دیارى دەزگاى توێژینەوەش بەخشرایە د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین .
بەروار :٢٠١٧/٥/٤