بەئامادەبوونی د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و مورتەزا عەبادی کونسوڵی ئێران لە هەولێر و ژمارەیەکی زۆری مامۆستایانی و قوتابیان، رێورەسمێک بۆ سازدانی یەکەمین تاقیکردنەوەی زانستی زمانی فارسی کە بە (تۆفڵی فارسی)دەناسرێت لە کۆلیژی زمان سازکرا. ئەمەش پرۆژەیەکی هاوبەشی زانستییە لەنێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی فیردەوسی مەشهەدی ئێرانی. ئەم تاقیکردنەوە زانستییە بۆ مەبەستی وەرگرتنی نازناوی زانستی بۆ قوتابیانی بەشی زمانی فارسی و کوردی بەکاردێت و هەروەها ئەو قوتابیانەی کە دەیانەوێت درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن لە وڵاتی ئێران و ئەو قوتابیە کاندیدانەی کە بۆ خوێندنی باڵا لە بەشی کوردی و فارسی وەرگیراون دەتوانن سوود لە دەرئەنجامەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە وەربگرن. هەروەها ئەم پرۆژەیە وا دەکات کە زانکۆی سەلاحەدین لە ریزبەندی جیهانی چەندین پلە بچێتە پێشەوە. لەلایەکی دیکەوە دوای ئەم تاقیکردنەوەیە خولێکی بەهێزکردنی توانستی زمانی فارسی بۆ ئارەزوومەندانی ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە لە زانکۆی سەلاحەدین دەکرێتەوە، کە خولەکە ١٢٠ کاتژمێر دەبێت. کە ئەمەش یەکەمجارە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خولێکی ئەکادیمی وا لە زانکۆی سەلاحەدین سازبکرێ لە کۆتایی لە رێورەسمەکدا سەرۆکی زانکۆ و کونسوڵی ئێران لە کوردستان خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم پرۆژە ئەکادیمییە دەربڕی و ئامادەیی هاوکاری بۆ یەکتر دەربڕی بۆ سەرخستنی پرۆسەی زانستی لە کوردستان و بەتایبەتی لە نێوان زانکۆکانی ئێران و هەرێمی کوردستان.
بەروار :٢٠١٧/٤/٤