هۆشیار زێباری: ئێمە ریفراندۆم بۆ یەک رۆژیش دوا ناخەین و ئەگەر دوا بخەین مسداقیەتمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا نامێنێ.
سەعدی پیرە: لایەنەکان دەتوانن بڵێن کاتی نییە، بەڵام هەڵەکە لێرەیە بڵێن کورد مافی سەربەخۆیی نییە.
عەبدولستار مەجید: بۆ هەموو پرسە گرنگەکان پێویستیمان بە گفتوگۆ هەیە.
د. خەلیل ئیسماعیل: هەموومان لەبەردەم بەرپرسیارییەتیەکی مێژوویی داین، کە پێویستە پێگەی خۆمان لە بابەتی ریفراندۆم دا ببینین
جەعفەر ئیمنکی: هەرگیز نەبووە وڵاتێک بێتوو بڵێت گشتپرسی بکەن ئێمە دانی پێدا دەنێین
رێبواری تاڵەبانی: پاراستنی پێکهاتەکانی کەرکووک لە چوارچێوەی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت
د. کاوان ئیسماعیل: دەتوانین بەم هەموو سەرچاوە سروشتیانەی هەمانە، دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەدەست بهێنین.
ئەمڕۆ دووشەممە لە سەنتەری رۆشەنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، کۆلیژی یاسا و زانستە سیاسییەکان بە چاودێری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، سێیەمین دیداری زانکۆی سەلاحەدین بەناونیشانی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان، بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان ٢٤بەڕێوەچوو، کە بۆ ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
لە دیدارەکەدا چەندین سیاسەتمەدارو بەرپرسانی حکومی و حزبی و کەسانی ئەکادیمی و پسپۆر وتە و خوێندنەوە و بۆچوون و پێشبینی خۆیان پێشکەش کرد، بەمەبەستی گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش و چۆنییەتی رێکخستن و یەکخستنی بۆچوون و ئاراستە جیاوازەکان و هێنانەدی نەخشەرێگایەکی نوێ بۆ ئێستا هەرێمی کوردستان و ئایندەی دەوڵەتی کوردستان.
لە دانیشتنی یەکەمی دیدارەکەدا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە مێژووی حوکمڕانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان نەبووە و ئەو شەراکەت و پێکەوە ژیانەی کە ئێمە لە عێراق دەمانویست کۆتایی هات، فیدراڵییەت تەنیا لەناو دەستوور هەبوو نەچووە بواری جێبەجێکردن. ئێستا دەبینین زۆربەی شیعەکانی عێراق حوکمێکی تاکڕەوی دەکەن. لەبارەی پرسی ریفراندۆم چەندین پرس سەری هەڵدا، وەک ترساندنی خەڵک بە خراپی بژێوی و داخستنی سنوور، بەڵام ئەم ترساندانە لە شوێنی خۆیاندا نین، ترسەکە کراوەتە کارێکی سیاسی دژی میللەتی کورد. لێرەدا پێویستە هەموومان یەکدەنگ بین و ناوماڵی خۆمان یەکبخەین، بۆیە پێشنبیارمان بۆ هەموو لایەک کردووە کە بەیەکەوە کاربکەین دامەزراوەکانی خۆمان کارا بکەینەوە. رۆژانە بەبەردەوامی ئێمە لە گفتوگۆ داین لەگەڵ هەموو لایەنێک و پێکهاتەکان هەتا لەگەڵ تورکیا و ئێران و عێراق و وڵاتانی دیکەی جیهان. لەلایەکی دیکەوە ئێمە کاتی ریفراندۆمان پێ باشە، ئەگەر کاتێکی باشتر لەلایەن هەر لایەنێک هەیە، فەرموو پێمان بڵێن. بۆیە ئێمە ریفراندۆم بۆ یەک رۆژیش دوا ناخەین و ئەگەر دوا بخەین هیچ مسداقیەتمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا نامێنێ و پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە. لێرەدا پێویستە خەڵک هان بدەین بە گوڕو تینێکی زۆرەوە بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆم بکەن، چونکە پرۆسەیەکە بە هیمەتی هەموو لایەک سەردەکەوێ، بەڵام هەر هێز و لایەنێک لەم پرسە بە ئیجابی بەشداری نەکات، خەڵک محاسەبەی دەکات. ئەولیەتی کاری ئێمەش کاراکردنەوەی پەرلەمانە، چونکە وا لە هەڵبژاردنی پەرلەمان نزیک دەبینەوە و لەگەڵ هەموو لایەن و پێکهاتە بەردەوامین لە دانوستان و بەردەوامیش دەبین، بەڵام بەداخەوە وەڵامی گۆڕان بۆ ئێمە ئیجابی نەبوو و چارەسەری کێشەکان ناکات.
دواتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: ریفراندۆم واتە گەڕانەوە بۆ خەڵک، ئێمە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە بڕیارماندا مافی چارەی خۆنووسینمان لە هەرێمێکی فیدراڵی عێراق هەبێ و بەشداریمان کرد لە بونیادنانی عێراق تازە و بەشداریمان کرد لە نووسینەوەی دەستوور، بەو هیوایە بووین بەهەموو پێکهاتەکانەوە لە ژێر سێبەری بحەسێینەوە، بەڵام دوای ١٤ ساڵ گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە بێ ئومێد بین و ئەو عێراقەی ئێتستا هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ دکتاتۆرەکانی پێشتر، بۆیە هیچ ئومێدێمان بە عێراق نەماوە. بۆیە ریفراندۆم قۆناغێکی گرنگی خەباتی گەلە، لایەنەکان دەتوانن بڵێن کاتی نییە، بەڵام هەڵەکە لێرەیە بڵێن کورد مافی سەربەخۆیی نییە. پێکەوەژیان تازە زەحمەتە لەگەڵ عێراق، کارەساتە لە ساڵی ٢٠١٧ هاووڵاتی پلە دوو بی. هەموو دەوڵەتە دروستکراوەکانی سایکس بیکۆ بەرەو نەمان دەچن و دەوڵەتی فاشیلن، لە دایک بوونی ناسروشتی وڵاتانی سایکس بیکۆ پەسەند نییە و ناسروشتییە. بۆیە ئێستا کاتی ئەوە نییە لایەنێکی سیاسی بڵێت ریفراندۆم کاتی نییە، یاخود بیانوو بهێنینەوە، چونکە هیچ شتێک نەماوە بەسەرمان نێت، لە چی بترسێن!. لەم چەند هەفتەی رابردوو هەنگاوی زۆرباش لەگەڵ وڵاتان و هەموو پێکهاتەکان نراوە، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی گەورەیە، کە هیچ جارێک دەوڵەتان بەم شێوەیە نەهاتۆنەتە سەر هێڵ.
هەر لە دیدارەکەدا، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ گوتی: دەوڵەت و سەربەخۆ بە مافێکی ئاسایی و یاسایی دەزانین، بەڵام هەندێ بابەت هەیە پێویستی بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن هەیە، کە پێویستە پەرە بە پەیوەندی و تەبایی و یەکڕیزی بدەین، هەروەها پێویستە پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکە کارا بکەینەوە. لەلایەکی دیکەوە بۆ هەموو پرسە گرنگەکان پێویستیمان بە گفتوگۆ هەیە، تەبایی و یەکڕیزی کاریگەری خۆی هەیە لەسەر دەروونی خەڵک.
هەر لە دیدارەکەدا د. خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی باڵای ریفراندۆم گوتی: هەموومان لەبەردەم بەرپرسیارییەتیەکی مێژوویی داین، کە پێویستە پێگەی خۆمان لە بابەتی ریفراندۆم دا ببینین. بەشێوەیەکی گشتی تێبینی لەسەر بارو گوزەرانی خەڵک هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ چارەنووسی میللەتەکەمان داین و پشتگیری لە پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەین، کە بە دەوڵەتان دەڵێین ئێمە دەتوانین پشت بەخۆمان ببەستین و پێیان دەڵێین ئەگەر کوردستان سەربەخۆی نەبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەقامگیری نابێت.
لەلایەکی دیکەوە لە دانیشتنی دووەمی دیدارەکەدا، جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: ئیرادەی گەلی کوردستان لەپێناو سەربەخۆیی تێکۆشاوە، چاومان لە ئەنجامی کۆتایی گشتپرسییە، کە چاوەڕوان دەکەین کیانێکی نوێ دروست ببێت، کە ئەم کیانە پێویستی بە دانپێدانانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە، پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستاندن هەیە لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی جیهان و دەوروبەر. کات درەنگە بۆ گشتپرسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ بەڕێوەچوونی گشت پرسی. هەرگیز نەبووە وڵاتێک بێتوو بڵێت گشتپرسی بکەن ئێمە دانی پێدا دەنێین، چونکە دەوڵەتان بۆچوونیان لە گۆڕان دایە، لێرەدا ئیرادەی گەل پێویستە کە پێویستیمان بە دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەبێت. لەلایەکی دیکەوە راگەیاندنی سەربەخۆ پێویستی بە هەنگاوی ئەکادیمی و یاسایی دەبێت لە کەسانی شارەزا.
هەر لە دانیشتنی دووەمی دیدارەکەدا، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق قۆناغی سەختیان بڕیوە، چونکە لەوەتەی عێراق هەیە هیچ بەڵێنێکی نەبردۆتە سەر. ئەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەی لە کوردستان هەیە لە عێراق بوونی نییە. ئێمە چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، بەڵام بەداخەوە جێبەجێی نەکردووە. بۆیە ریفراندۆم و سەربەخۆیی بەشترین وەڵامە بۆ نەبردنەسەری بەڵێنەکانی عێراق. پاراستنی پێکهاتەکانی کەرکووک لە چوارچێوەی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت. لەلایەکی دیکەوە بەپێی دەستووری عێراق خەڵکی کەرکووک دەتوانن پەنا بۆ گشتپرسی ببەن، ئەمەش لەپاش جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠. بۆیە چاوەڕوان دەکەین دوای ریفراندۆم کەرکووک هەناسەیەکی ساردی بەبەردابێتەوە و بحەسێتەوە.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلیژی یاسا و زانستە سیاسییەکانی گوتی: ئەوانەی دژی ریفراندۆمن، بواری ئابووری و ترسی گوزەرانی دەخەنە بەردەم هاووڵاتیان، لە کاتێکدا کوردستان وەک سۆماڵ نییە خاوەنی سامانی سروشتی خۆی نەبێ. ماوەی چەندین ساڵە حکوومەتی کوردستان هەوڵی داوە قۆناغ بە قۆناغ پشت بە ئابووری سەربەخۆیی و سامانی سروشتی خۆی ببەستێت بەپێی یاسا و دەستوور، بەتایبەتی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان. لە قۆناغی دوای ریفراندۆمیش حکوومەتی کوردستان دەتوانێت باوەڕ بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمپانیاکان بێنێ کە کوردستان توانای سەقامگیری ئابووری جیهانی هەیە. لەلایەکی دیکەوە دەتوانین بەم هەموو سەرچاوە سروشتیانەی هەمانە، دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەدەست بهێنین.
بەروار :٢٠١٧/٨/١٥