ئەمڕۆ دووشەممە رێککەوتی ٢٠١٦/٥/٢ لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و نوێنەر وەزیری پەروەردە و د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و نوێنەری گشت زانکۆکانی کوردستان و مامۆستا عەبدولواحید سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و سەرۆکی زانکۆکان و راوێژگاران و پسپۆران و مامۆستایانی هەردوو وەزارەتی ناوبراو و نوێنەرانی گشتی زانکۆکانی کوردستان، کۆنفرانسی هاوبەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە (هاوتەریبکردنی پرۆگرامەکانی خوێندنی کۆلیژەکانی پەروەردەی بنەڕەتی و پەروەردە لە زانکۆکانی کوردستان لەگەڵ پرۆگرامی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە) بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا مامۆستا کاوە عومەر نوێنەری وەزیری پەرورەدە لە وتارێکی دا گوتی: ئەم کۆنفرانسە لە ئەنجامی ئەنجامدانی چەندین سمینار و وۆرکشۆپی زانستی لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا هاتە ئەنجامدان، ئامانج لە سازکردنی ئەم کۆنفرانسە کۆکردنەوەی هەردوو وەزارەتە لەسەر یەک ئامانجی هاوبەش، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پەروەردە و فێرکردنە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ستراتیژییە لە وەزارەتی پەروەردە بەناوی گەشەپێدانی پرۆگرامەکان. کە ئەم پرۆژەیە بە هاوکاری رێکخراوی یونسکۆ جێبەجێ دەکرێت.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا د. نوری هەرزانی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتارێکیدا بۆ ئامادبووان گوتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام لە هەوڵدان دابووە بۆ گۆڕینی سیستەم و پرۆگرامەکانی خوێندن لە گشت بەش و پسپۆرییە لە زانکۆکانی کوردستان، تا رادەیەکی زۆریش زانکۆکانی سەرپشک کردووە بۆ گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن بۆ ئەوەی هاوشێوەی گۆڕانکاری پرۆگرامی زانکۆکانی جیهان بێت. ئامانج لەم کۆنفرانسە ئەوەیە، کە پرۆگرامەکانی خوێندن بەتایبەت لە زانکۆکانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی هاوتەریب بێت لەگەڵ پرۆگرامەکانی خوێندن لە قوتابخانەکانی کوردستان، کە مەبەست لەم گۆڕانکاریەش ئەوەیە کە دەرچووانی پۆڵی دوانزەی ئامادەیی دێنە زانکۆکانی کوردستان، لە پرۆگرامەکانی خوێندن نامۆ نەبن، بەڵکو تا رادەیەک هەست بە بەردەوامی پرۆگرامەکانی خوێندن بکەن. بەهەمان شێوە دەرچووانی ئەم بەشانە لەکاتی دەرچوونیان لە کۆلیژ، توانای زانستییان بەرزبێت.
دواتر دکتۆر ئەحمەد دزەیی لە وتارێکیدا گوتی: خۆشحالین کە هاوبەشین لە سازکردنی ئەم کۆنفرانسە، سەرباری کێشە ئابوورییەکان بەڵام ئێمە وەکو زانکۆی سەلاحەدین بەردەوامین لەسازکردنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە. زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵانی ٢٠١٠ - ٢٠١١ دەستپێشخەربوو بۆ ئەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن یەکبخرێت و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی کۆلیژی بنەڕەتی بکرێت. ئەوەبوو چەندین لیژنە و ۆرکشۆپ ئەنجامدرا دواتر فراوان بوو بۆ سەرجەم زانکۆکانی کوردستان و هەردوو وەزارەتی ناوبراو. پێشتر کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی کۆلێژێکی پەراوێزخراوبوو، کە تەنها ئەو قوتابیانە وەردەگیران نمرەیان نزم بوو. بۆیە ئێمە وەکو زانکۆی سەلاحەدین بە چەندین گۆڕانکاری، ئاستی زانستی ئەم کۆلیژەمان بەرزکردەوە، سەرباری ئەمانە دەستپێشخەربووین، کە توانیمان کۆلیژی ئێواران بکەینەوە. کە ئەمساڵ دەرچووانیان دەبێت. بەداخەوە پێشتر هەموو کەسێک بێ ئەوەی خولێکی زانستی ببینێت دەبوو بە مامۆستا. بۆیە ئێمە ئەو متمانە زانستییە بۆ کۆلیژەکە و مامۆستایانمان گەڕاندەوە.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا دکتۆر هیمداد عەبدولقەهار محەمەد، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی کۆنفرانسەکە کرد و گوتی: ئەم کۆنفرانسە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و نوێنەرانی هەر سێ پارێزگاکان بەگوێرەی پسپۆریان تاوتوێی بابەتەکانی ئەم کۆنفرانسە دەکەن و راپۆرتی کۆتایی ئامادە دەکرێت و بەرز دەکرێتەوە بۆ هەردوو وەزارەت، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ئەم کۆنفرانسە بۆ ساڵی ئاییندە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
بەروار :٢٠١٦/٥/٢