بە دروشمی ئاو بۆ ژیان بەشى ئەندازیارى بەنداو و سەرچاوەکانى ئاو لە کۆلێژى ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتی لە بارەی ئاوی کوردستان سازکرد کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت لە ٦ - ٨ ى ئاداری / ٢٠١٦ و ١٤ توێژینەوەی لەلایەن توێژەرانی ناوەخۆیی و دەرەکی لە زانکۆکانی سەلاحەدین و سلێمانی و سنەو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشکەش دەکرێن، بە ئامانجی بایەخدان بە ئاو وەک سەرچاوەی ژیان و چۆنیەتی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی تایبەت.
ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بەکارهێنانی ئاو
بەچــــاودێری و ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی ســــەرۆکى زانکــــۆى ســـەلاحەدین و سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەبەرەگشتییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بۆ کاروباری قوتابیان و راگرانی کۆلێژەکانی زانکۆو سەرۆک بەش و مامۆستایانی کۆلێژی ئەندازیاری، بە دروشمی ئاو بۆ ژیان بەشى ئەندازیارى بەنداو و سەرچاوەکانى ئاو لە کۆلێژى ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین وۆرک شۆپێ نێودەوڵەتی هەفتەى ئاوی کوردستان سازکرد کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت لە ٦ - ٨ ى ئاداری / ٢٠١٦ و ژمارەیەک توێًژەری ناوەخۆیی لە زانکۆکان و دامەزراوەکانی حکومەتی کوردستان و توێژەری بیانی لە زانکۆکانی ئێران بەشداری دەکەن. لە مەڕاسیمی دەستپێکی وۆرکشۆپە نێودەوڵەتیەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دکتۆر ئەحمەد دزەیی رایگەیاند: دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەو وۆرکشۆپە دەکەم، هەڵبەتە ئەو چالاکییە زانستیە دوای ئەوەی دێًت کە پڕۆژە یاسای بەکارهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە ماندووبونی مامۆستایانی زانکۆمان لە کۆلێژە جیاجیاکانی کوردستان لەسەر پێشنیاری لێژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی کوردستان خراوەتە بەردەم پەرلەمان تا بکرێتە یاساو کاری لەسەر بکرێت، ئەو وۆرکشۆپەش یەکەم چالاکییە کاری لەسەر دەکرێت و هیوادارین بتوانین لە داهاتوو کاری ئەکادیمی و زانستی زیاتر لەسەر بکەین.پاش ئەوەی دکتۆر سەفین یاسین راگری کۆلێژی ئەندازیاری و مامۆستا فەیسەڵ دەهام سەرۆکی ئەندازیاری بەنداووسەرچاوەکانی ئاو وتاری بەخێرخێنیان پێشکەش کرد.
ئاسایشی ئاو گرینگە
هەریەکە لە محەمەد ئەمین فەرەج بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و ئەکرەم ئەحمەد رەسول بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان توێژینەوەان لە بارەی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانیان پێشکەش کرد و بە جیا داتاو زانیارییەکانیان خستەڕوو کە ئاو چەندە گرنگە بۆ ژیان و ئابووری کوردستان و چۆن کار بکەن بۆ ئەوەی ئاو لە بەنداوەکان گل بدەنەوەو راشیانگەیاند ئاو بۆ داهاتووی کوردستان لە نەوت گرینگترەو دەبێتە هۆی سەرچاوەی ژیانی مرۆڤایەتی و کاریگەری هەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک، هەرکاتێک ئاسایشی ئاو بکەوێت مەترسیەوە، ئاسایشی هەرێمی کوردستان روو لە مەترسی دەکات.
١٤ توێژینەوەی زانستی
بڕیاریشە لە ماوەی سێ رۆژدا لە شەش پانێڵ دا وۆرکشۆپەکە لەلایەن چواردە توێژەری ئەکادیمی لە زانکۆکانی سەلاحەدین و سلێمانی و کوردستان لە سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت، کەتیایدا باس لە گۆڕانکارییەکان و کاریگەری لەسەر ئاو و ئەگەرەکانی کەمبونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی دەست پێوەگرتن و شێوازی بەکارهێنان و کەمکردنەوەی و دانانی رێوشوێنی یاسایی و زانستی لە بەکارهێنانی ئاو، هەورەها تیشک دەخەنە سەر لایەنی لایەنی زانستی سوودی بەنداوەکان بۆ ئایندەی کوردستان بۆ هەموو پڕۆژە کشتوکاڵی پیشەسازییەکانی کوردستان، هەروەها توێژەکان لە روانگەی زانستیەوە تیشک دەخەنە سەر لایەنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو کەچۆن بتوانرێت وەبەرهێنانی تیا بکرێت.
بەروار : ٢٠١٦/٣/٦