لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، بەشی فەلسەفە کۆربەندێکی زانستی سازکرد بە ناونیشانی ( رەهەندەکانى فەلسەفەی سیاسی بە دەوڵەتبوونی باشوری کوردستان). لە کۆربەندەکەدا کە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (دکتۆر ئەحمەد دزەیی) و ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ تێیدا ئامادەبوون. چوار پانێل بەرێوەچوو بۆ لێکدانەوەی رەهەندە جیاوازەکانى سەربەخۆبوونی کوردستان. لە پانێلی یەکەمدا (دکتۆر جەعفەر ئیمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بابەتێکی پێشکەش کرد، تێیدا تیشکی خستە سەر لایەنە یاسایی و دەستوریەکانى پرۆسەی بە دەوڵەت بونی هەرێمی کوردستان، لەو پرۆسەشدا ریفراندۆم بە هەنگاوی یەکەم دادەنرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆربەندەکەدا (سەعدی پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بابەتێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە هەنگاوە سیاسیەکانی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان، کە رییفراندۆم و مافی چارەی خۆنوسین بە مافێکی بنەرەتی کورد دادەنرێت. بە تایبەت جیابوونەوە لە عیراق کە هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات.
دواتر لە بەشی سێیەمدا ( هادی عەلی) سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی و ئابووری وجەماوەری یەکگرتوو، لە میانەى بابەتێکدا تیشکی خستە سەر تێروانینی ئیسلامی بۆ پرسی سەربەخۆبونی نەتەوەکان و دامەزراندنی دەوڵەتان. ئاماژەى بەوە کرد کە لە ئیسلامدا هیچ رێگریەک لەوە نەکراوە کە نەتەوەکان بەپێی باروۆخی تایبەتی خۆیان دەوڵەت دابمەزرێنن و سەربەخۆبن.
لە دوا بەشی کۆربەندەکەشدا (پ.د. همام رازی ) سەرۆکی زانکۆی کیتاب باسی لە لایەنی ئابوری چۆنیەتی بە دەوڵەت بوونی کوردستانی باشور کرد. ئاماژەى بەوە کرد کە دارشتنی سیستەمێکی دارایی پێشکەوتوو باشترین هەنگاوە بۆ دەربازبوون لە رێگریە ئابوریەکانی پرۆسەی بە دەوڵەت بوون.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەشداربوونی کۆربەندە زانستیەکەی خەڵات کرد.
بەروار :٢٠١٧/٥/١٠