رێککەوتی ٢٠١٦/٤/١٢ لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د.ئیبراهیم حەمە رەش سەرۆکی زانکۆ بە وەکالەت و ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان و قوتابیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆی.. کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین، کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی دەربارەی ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای سەردەم ئەنجام دا. کە ٨٨ توێژینەوەی زانستی نوێ لەخۆی دەگرێت، ئەمەش یەکەم جارە لە کۆنفرانسەکە لەلایەن بەشداربووانەوە تاوتوێیی لەسەر دەکرێت کە لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئاسیایی و ئەوروبی لەسەر ئەستۆی خۆیان لە کۆی ١٣٠ توێژینەوە بەشداریان کردووە و لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆری لە بواری ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و بڕیار لەسەر ئەم ٨٨ توێژینەوەیە دراوە.
هەروەها ١٢ کەسایەتی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکانی ئەندازیاری و تەکنەلۆژیایی سەردەم بە خوێندنەوەی وتار بەشداریان تێدا کرد. مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە، دروستکردنی لینکێکە لەنێوان کۆلیژی ئەندازیاری سەر بە زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆ پێشکەوتووەکانی دیکەی جیهانی بۆ دابینکردنی نوێترین و پێشکەوتووترین زانستەکانی ئەندازیاری تەکنەلۆژیای سەردەم دەربارەی پرۆگرامی خوێندن و نوێترین ئامێرەکانی تاقیگەو سازنگەکان. شایەنی باسە کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەردەوام دەبێت، جۆری توێژینەوەکان نوێن و پێشتر لە هیچ شوێنێک بڵاونەکراونەتەوە.
بەروار :٢٠١٦/٤/١٢