لە ڕۆژی دووەمی (ڕاهێنانی مامۆستایان بۆ پەرەپێدان بە تواناكانیان لە بوارەكانی پەروەردەی پێشەنگكاری و پەروەردەی فرەیی) سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین پرۆفیسۆر دكتۆر احمد دزەیی و پرۆفیسۆر د. مصطفی العطار یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندنی باڵا و پرۆفیسۆر د.جوهر فتاح یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری دارایی سەردانی خولەكەیان كرد و لەلایەن ڕاگری كۆلێژ پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سیروان عارەب پێشوازیان لێكرا و لە نزیكەوە بەخێرهاتنی بەشداربووانیان كرد، وە هەروەها سەرۆكی زانكۆ باسی لە گرنگی ئەو دووبابەتە كرد بۆ هەرێمی كوردستان.
ڕۆژی دووەمی وێركشۆپەكە كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆری لە خۆگرتبوو لە سەر بابەتی پەروەردەی پێشەنگكاری، لەوانە (كارامەییەكانی بە كۆمەڵ كاركردن) كە لەلایەن هەریەكە لە مامۆستا نەهرۆ محمد و مامۆستا احسان صابر پێشكەشكرا، لەمیانەی چالاكیەكەدا جەخت لەسەرئەو كارامەییانە كرا كە پێویستن بۆ بە كۆمەڵ كاركردن. دواتر مامۆستا سنۆبەرمحمد و مامۆستا پەیمان عبداللە چالاكییەكیان ئەنجامدا بە هاوبەشی لەگەڵ بەشداربووانی خولەكە لەسەر (چۆنیەتی دروستكردنی بیرۆكەی كار).
لە گروپی پەروەردەی فرەیی زنجیرەیەك لە گفتوگۆ لە سەر بابەتی جیاجیا لە بواری پەروەردەی فرەیی بەڕێوەچوو، كە لە ناویاندا مامۆستا جمال سلێمان گفتوگۆیەكی لەسەر بابەتی ( زمان و ڕەگەز لە پەروەردەی فرەییدا) بەڕێوەبرد. دواتر مامۆستا اشقی سلێمان درێژەی بە گفتوگۆیەكەدا بە بابەتی ( ئایین و نەتەوایەتی لە پەروەردەی فرەییدا). وە بابەتی سێیەمی گفتوگۆیەكەش لەسەر (جێندەر لە فرەییدا) كە لەلایەن مامۆستا بەهار زاهیر بەڕێوەچوو. كۆتایش بە ڕۆژی دووەمی ڕاهێنانەكە هێنرا، بە پێشكەشكردنی توێژینەوەك لەلایەن مامۆستا كاوە لەسەر (پەروەردەی فرەیی لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی-زانكۆی سەلاحەدین: هۆشیاری و هەڵوێستی مامۆستایان)، شایەنی باسە توێژینەوەكە لەلایەن مامۆستا كاوە و مامۆستا سامان احمد ئەنجامدرا بوو.