
بژاردەکانی دۆزینەوەی پێکوتە و دەستنیشان کردنی چارەسەری کۆڤید-١٩ لە ئێستادا لە ژێر لێکۆلینەوەی ووردە لە هەموو جیهان. هەندێک بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی چەند دەرمانێک کاریگەری باشیان هەبووە لە سەر کەمکردنەوەی نیشانەکان و نەهێشتنی تووشبوونی زیاتری خانەکان بە ڤایرۆسەکە لە ناو لەشی نەخۆشدا.
بەڵام ئەوەی گرنگە کە بیزانین ئەوەیە کە ئەوانەی کراون تائێستا هەمووی هەوڵی تاقیکردنەوەیی بووە، توێژینەوەیەکی پوخت و زانستی نەبووە. بە واتایەکی ترهیچ لەو هەوڵ و لێکۆڵینەوانە بنەمایەکی زانستی پوختی توێژینەوەییان نەبووە، چونکە هیچ دەرمانێک و چارەسەریەک متمانەی پێ نادرێت بەبێ ئەوەی دیراسەیەکی هەڕەمەکی کۆنترۆل کراوRandomized Control Trials ئەنجام بدەیت لەسەر مرۆڤەکان. ئەمەش بە واتای نموونەی توێژینەوەیی هەڕەمەکی بێت و زۆر بێت بە شێوازێک کە قەبارەی نموونەکە کۆی کۆمەڵگە نیشان بدات. قەبارەیەک کە لەڕووی زانستی ستاتی و ئامارزانی دا نوێنەرایەتی کۆمەڵ بکات نەک ٢٠ نەخۆش و ٤٠ نەخۆش لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شارێک لە ووڵاتێک. ئەم دۆزینەوەیەش پێویستی بە چەندەها مانگ هەیە.
ئەمانەی خوارەوە چەند بژاردەیەکی چارەسەری ڤایرۆسی سارس ٢ SARS-CoV-2 کە لە ئێستادا تاقی دەکرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشەکە ( سەرنج بدە ئێمە دەڵێین کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیەکە، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا چارەسەری نیە تائێستا):
ڕیمدیسیڤێر Remdisiver
ئەم دژە ڤایرۆسە دەرمانێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆلا بەکارهاتووە. زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم دەرمانە زۆر کاریگەرە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتێک لەگەڵ کلۆرۆکوین (Chloroquine) (لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە) بەکارهاتووە لە تاقیگەدا لە دەرەوەی لەشی زیندوو in vitro واتا لەسەر خانەی بەرهەمهێنراوی دەستکرد لە تاقیگەدا.
ئەم چارەسەریە تاوەکو ئێستا بە گشتی بۆ نەخۆش بەکارنەهاتووە بەڵام وەکو تاقیکردنەوە لەسەرنەخۆشێکی چینی و نەخۆشێکی ئەمریکی بەکارهێنراوە، هەروەها لە ئیتاڵیاش بەم دواییە بەکارهاتووە. ئەم دەرمانە لەسەر یەکێک لە ئەنزیمەکانی ڤایرۆس کاردەکات کە یارمەتی زۆربوونی دەدات پێی دەڵین RNA Polymerase . بەڵام بەکارهێنانی ئەو دەرمانە تائێستا لەژێر دیبەیت و پرسیارە و متمانەی پێ نەبەخشراوە چونکە پێویستی بە تاقیکردنەوەی زیاتر هەیە لە ناو لەشی زیندوو بۆ نموونە لە مشکی تاقیگە.
کلۆرۆکوین Chloroquine
ئەم دەرمانە لە دژی نەخۆشی مەلاریا کە نەخۆشیەکی کوشندەیە لە رێگای مشەخۆرێکەوە دروست دەبێت بەکارهاتووە لە ٧٠ سالی رابردوو. هەندێک لە پزیشکەکانیش بۆ نەخۆشیەکانی بەرگری خۆیی autoimmune disease وەکو رۆماتیزم بەکاریان هێناوە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەم دەرمانە کاریگەری هەیە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو لوولەکی تاقیگەیی دا. هەروەها چەند توێژەرێکی چینی بۆیان دەرکەوتووە بە بەکارهێنانی شانەی زیندوو ژمارە و پێوانی ڤایرۆسەکە کەم بۆتەوە. لە نامەیەک دا بۆ گۆڤاری Nature لە ١٨ی مارس چەند زانایەک ناردوویانە و ئارگومێنتی ئەوە دەکەن کە بەکارهێنانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین کاریگەریەکی باشتری دەبێت لەبەر ئەوەی کاریگەری لاوەکی ئەو دەرمانە کەمترە لە کلۆرۆکوین بە تەنها.
لەلایەکی ترەوە چەند زانایەکی فەرەنسی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین و ئەزیترۆمایسین کە دەرمانێکی دژە بەکتریایە بە تێکەڵی بۆ ٣٢ نەخۆش بەکاریان هێناوە و بۆیان دەرکەوتووە کە یارمەتی چاکبوونەوەی نەخۆشەکە دەدات دوای ٥ رۆژ. هەرچەندە ئەمە تاقیکردنەوەیەکی زانستیە بەڵام دیراسەیەکی گشتی نیە و جێگای پرسیارە. بەم دواییانە و بەشێوازێکی نا پرۆفیشنەڵانە لە کوردستان بۆ پروپاگەندە بەکارهێندرا.
لە ئێستادا دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەم بابەتە و تائێستا متمانەی بە بەکارهێنانی ئەو ٢ دەرمانە نەداوە بۆ نەخۆشی کۆڤید-١٩.
ئەپیرۆن APN01
لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٠٠ زاناکان بۆیان دەرکەوت کە ڤایرۆسی سارس ١ جۆرە وەرگرێک بەکاردێنی بۆ چوونە ناو خانەکانی مرۆڤ کە پێی دەڵێن ACE2. دواتر بینرا کە ڤایرۆسی سارس ٢ بە هەمان شێوە هەمان وەرگر بەکاردێنێ. لە تاقیکردنەوەیەکی زانستیدا کە زاناکانی کەنەدا و نەمسا و چین بەشدارن ٢٤ نەخۆش ئەو دەرمانەی پێدراوە بۆ رێگری کردن لە ڤایرۆسەکە بە خۆگرتن و پێوەنووسان لە خانەکانی سیەکان. چاوەرێی ئەوە دەکەن لە ماوەی ٢ هەفتەدا ئەنجامەکان دەرکەون.
پلازمای نەخۆشی چاکبوو
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لە ٢٤ی مارس ڕایگەیاند کە دەکرێت پلازمای کەسی چاکبووەوە لە نەخۆشی کۆڤید-١٩ بەکاربێت بەڵام تەنها بۆ ئەو کەسانەی کە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە. ئەو جۆرە چارەسەریە کە پلازمای کەسی چاکبووەوە بەکاردێت بۆ نەخۆشەکە، لەبەر ئەوەیە کە کەسی چاکبوو دژە تەنی بۆ ڤایرۆسەکە دروست کردووە. ئەم جۆرە چارەسەریە بۆ ساڵانی ١٩١٨ دەگەڕێتەوە کاتێک لە بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزا لە جیهاندا بەکار هاتووە.
پ.ی.د. کارزان محمد
بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەددین- ھەولێر
سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆ
سەرچاوەکان:
- Clark D Russell, Jonathan E Millar, J Kenneth Baillie. Clinical evidence does not support corticosteroid treatment for 2019-nCoV lung injury. The Lancet, 2020 DOI: 10.1016/S0140-6736(20)30317-2
- https://www.thelancet.com/action/showPdf?pii=S2213-2600%2820%2930116-8
- https://www.mja.com.au/system/files/2020-03/mja20.00210_preprint.pdf&nb…;
- https://www.nature.com/articles/s41422-020-0282-0
- https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/32056407/
- https://www.nature.com/articles/s41422-020-0282-0
- http://rs.yiigle.com/yufabiao/1182323.htm
- https://pipelinereview.com/index.php/2020022673884/Proteins-and-Peptide…
- https://www.thelancet.com/journals/laninf/article/PIIS1473-3099(20)3014…
- https://www.mediterranee-infection.com/wp-content/uploads/2020/03/Hydro…
- https://www.nature.com/articles/s41421-020-0156-0
- https://stm.sciencemag.org/content/9/396/eaal3653