
ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوازێک کار دەکات کاتێک دەچێتە ناو لەشی مرۆڤ، ئەوا کارگەی خانەکانی رووکەشی دەم و لووت و بۆریەکانی ھەناسە بەکاردێنێت بۆ دروست کردنی پارچەکانی خۆی.. ئەو ترشە RNA یەی کە ھەیەتی بەکاری دێنێت تا کۆپی تر لە خۆی دروست کات و دواتر لە خانەکە بێنە دەرەوە و بچنە خانەکانی تری ھەمان نەخۆش، یاخود لەگەڵ پشمین و کۆکە و دڵۆپەکانی لیک خانەکانی کەسێکی تر داگیر بکەن.
ئەو بەشە پرۆتینیەی کە وەکو دڕکە پرۆتین بە چوار دەوری ڤایرۆسەکەدا ھەیە spikes ،بەکاردێت بۆ خۆ نووساندن بە خانەکانی مرۆڤ.. ئەو وەرگرانەی خانەکانی مرۆڤ ھەیانە رێگای پێوەنووسان و چوونە ژوورەوەی ڤایرۆس یاخود RNA یەکەی ئاسان دەکەن.
لە دروست کردنی ڤاکسینی نوێدا زانایان ھەمان میکانیزمی ڤایرۆسەکەیان بەکارھێناوە.. ئەوان پارچە نێردراوێکی mRNA دەنێرنە لەشی خۆبەخشەکان تاوەکو بچێتە ناو خانەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەمجارە ڤایرۆس دروست نەکات، تەنھا ئەو بەشە دەنێرن کە دڕکە پرۆتینەکان دروست دەکات.. بەمەش خانەکانی خۆبەخشەکان ھەڵدەستن بە دروست کردنی برێکی زۆری دڕکە پرۆتین. ئەم دڕکە پرۆتینانە چاوەروان دەکرێ نەخۆشیەکی قورس دروست نەکەن چونکە توانای چوونە ناو خانەیان نیە تەنھا بۆ ھاندانی بەرگریە.. کە دواتر بەرگری لەش دژیان دەوەستێتەوە و دژە تەن و خانەی تایبەتیان بۆ دروست دەکات. بەمەش لەکاتێک ئەگەر ڤایرۆسەکە ھاتە لەشی مرۆڤەکانەوە بەرگری لەش دڕکەکانیان دەناسێتەوە و نایەلێت بە خانەکانەوە بنووسێن و دژە تەنەکان دەیانگرن و نەخۆشی دروست نابێت.
گرنگی ئەو ڤاکسینە لەوەیە کە ڤایرۆسەکە نانێرێتە لەشی مرۆڤ چونکە زۆربەی ڤاکسینەکانی پێشتر ڤایرۆسی بێ ھێز کراویان بەکارھێناوە، بۆیەچاوەڕوان دەکرێت نەخۆشی دروست نەکات لە کاتی کوتان.
ڤاکسینی mRNA-1273 لەلایەن کۆمپانیای مۆدێرنا و پەیمانگەی نەتەوەیی تەندروستی ئەمریکی، وە بەم میکانیزمەی سەرەوە ئەمرۆ بۆ یەکەم جار تاقیکرایەوە لەسەر یەکەم خۆبەخش لە پەیمانگەی توێژینەوەکانی واشینتۆن لە شاری سیاتل. وا چاوەڕوان دەکرا دوومانگ تاقیکردنەوەی لەسەر بکەن پێش ئەوەی لە مرۆڤ بەکاری بێنن بەلام لەبەر ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێراییەکی زۆر بڵاوبوویەوە بە تایبەت لە ئەمریکا، پێویستیەکە وایکرد خێراتر کاربکەن و چەند ھەنگاوێک باز بدەن بۆ ئەوەی زووتر دەستەبەر بێت بۆ مرۆڤایەتی.
جێنیفەر ھالەر تەمەن ٤٣ سال و دایکی دوو مندال یەکەم کەس بوو کە ڤاکسینەکەی لە خۆیدا تاقیکردەوە و دوای ئەویش لە دوو دۆزی جیاوازدا ٤٥ خۆبەخش کە نێوان ھەر جارێک مانگێکە لەتاقیکردنەوەکە بەشداردەبن.
پرۆفیسۆر ئەنتۆنی لە پەیمانگەی تەندروستی نیشتمانی ئەمریکا دەلێت، ھەرچەندە ئەگەر توێژینەوەکان بە باش و خێراییش بڕوات، ڤاکسین دروست کردن بەو ڕاددەیەی کە بە شێوازێکی بەربڵاو دابەش بکرێت پێویستی بە سالێک ھەیە.
پ.ی.د.کارزان محمد
سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەددین