
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بە میکانیزمێکی تایبەت نەخۆشی دروست دەکات کە ئەمەش بە یارمەتی خانەکانی مرۆڤەوە دەبێت.
دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، پێویستی بە وەرگرێکە بۆ ئەوەی پرۆتینە لکێنەرەکانی کە وەکو دڕک بە چوار دەوری ڤایرۆسەکە ھەن پێوەیەوە بنووسێن. ئەم وەرگرانە تایبەتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەسەر خانەی لەشی مرۆڤ ھەیە ، پێی دەووترێت ئەنزیمی بگۆڕی ئەنجیۆتێنسین کە بە ACE-2 ناسراوە.
ئەم جۆرە وەرگرە لەسەر خانەکانی قورگ و دیواری پشتەوەی لووت و توورەگەکانی ھەوا لە سیەکان ھەن..بە تایبەتیش لە سەر جۆرێک لە خانەکانی تورەگەکانی ھەناسە زۆرن کە بەرپرسە لە دروست کردنی شلەمەنی پرۆتینی و چەوری بۆ ئەوەی خانەکانی تورەگەی ھەوا ووشک نەبن و دانەروشێن لە کاتی ئەنجامدانی گازگۆرکێ لە پرۆسەی ھەناسەدان.
کاتێک دڕکە پرۆتینی ڤایرۆسەکە بە وەرگری ACE-2 وەوە دەنووسێ. ڤایرۆسەکە ترشە ناووکیەکەی کە RNA یە دەنێرێتە ناو خانەکان. ئا لەو کاتە ھەرچی کارگەی دروست کردنی پرۆتین و کۆپی کردنی RNA ھەیە لە خانەی نەخۆشەکە دەکەوێتە خزمەتی دروست کردنی ڤایرۆسەکە.
ھەزاران کۆپی نوێ لە ڤایرۆسەکە دروست دەبێت.
وە لەبەر ئەوەی ھەندێک لە بۆھێلەکانی ڤایرۆسەکە کەوتوونەتە سەریەک لە شریتی RNA ھەندێک جار گۆرانکاریش لە ڤایرۆسەکە ڕوودەدات بەلام:
- ڤایرۆسی کۆرۆنا زوو زوو خۆی ناگۆرێت.
- زۆربەی جار گۆرانەکانی RNA کاریگەری لە میکانیزم و توندی دروست کردنی نەخۆشیەکە ناکا.
کە خانەکە پڕ بوو لە ڤایرۆسی نوێ ئەو خانەیە بە چەند میکانیزمێک دەمرێت،
- یان ئەوەتا دەتەقێ لەبەر زۆری ژمارەی ڤایرۆسەکان.
- یان خانەکانی بەرگری دەزانن تووشی کێشە بووە و دەیکوژن.
لە ھەردوو ئەگەریش دا خانەکە ماددەی رێگەخۆشکەر بۆ ھەوکردن دەردەدا. بەمەش خانە قەپگرەکانی ئەو ناوچەیە وەڵام دەدەنەوە و ئەوانیش لەلای خۆیانەوە چەند جۆرە ماددەیەکی ووروژێنەری بەرگری دەردەدەن.
ئەو ماددە ورووژێنەرانە کاتێک دەگەنە ناو خۆینی نەخۆشەکە وا دەکات نیشانەکانی نەخۆشیەکە دەرکەوێت وەکو تای بەرز،، کە یارمەتی ئەوە دەدات خوێن خێراتر خانەی بەرگری بنێرێتە شوێنی ڕووداوەکە.
لە کاتێکیش کە تا بەرز دەبێتەوە و بە ھۆی ئەو ووروژێنەرانەوە کە بە ئینتەرلوکین ناودەبرێن، دەمار و موولوولەکانی خوێن خاو دەبنەوە بەمەش ئێدێما لە تورەگەکانی ھەوا دروست دەبێ لەگەل پاشماوەی خانەی مردوو* و شلەی پلازمای خوێن توورەگەکان لە بری ئۆکسجین پڕ لە شلەمەنی و پاشماوە دەبێت و بەم جۆرە ئۆکسجین کەم دەبێت لە لەشی نەخۆشەکە و ھەناسە تەنگی و ھەناسە برکێی تووش دەبێت.
*(پاشماوە خانەی مردوو لەبەر ئەوە دروست دەبێ چونکە خانەکانی توورەگەی ھەوا کە دەمرن ئەو چەوریە دەرنادەن بەمەش ووروشاندن و بریندار کردن روودەدات و تورەگەکان ھەڵدەزرێن).
جیا لەوەش خرۆکە سپیەکان بە کاردانەوە بۆ ماددە ورووژێنەرەکان بەرەو شوێنی ڤایرۆسەکان دێن بۆ ئەوەی شەڕ لەگەل ڤایرۆسەکە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش چەند چەکێک بەکاردێنن کە دەبێتە ھۆی کوشتنی ھەندێک ڤایرۆس بەلام ھەندێک خانەکانی گازگۆرکێش دەشکێنن.
سیەکان لەو کاتەدا بۆ فرێدانی ئەم ھەموو پاشماوە و ڤایرۆسە دەوروژێن و کۆکە دەست پێ دەکات.
لە حالەتە ناجێگیر و توندەکانیش بەھۆی کاردانەوەی لەشی مرۆڤ بۆ ووروژێنەرەکانی ھەوکردن شۆک دروست دەبێت و چەند ئۆرگانێک لەکار دەکەون، کە ئەمەیان بەھۆی ڤایرۆسەکەوە نیە، بەلکو بەھۆی کاردانەوەی لەشە بۆ ھەوکردن و نەبوونی ئۆکسجینی تەواوە ...ئەو کەسانەی نەخۆشی دلیان ھەیە ئەگەری مردنیان زۆرترە لەبەر ئەوەی لە کاتی ھەوکردن، دڵ پێویستی بە لێدانی خێرایە بەمەش بارگرانیەک دەکەوێتە سەر دلێکی ناتەواو و ەھەروەھا خوێنیش ئۆکسجینی کەمە بەو ھۆیەشەوە دیوار و ماسولکەکانی دل ماندوو دەبن و لە کار دەکەون لە بەر کەلەکە بوونی پاشەرۆ و مردنی شانەکان.
بە ھیوای سەلامەتی بۆ ھەمووان
پ.ی.د. کارزان محمد
ب.گ. سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەددین- ھەولێر
سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆ
سەرچاوەکان: