چوارشەممە رێككەوتی ١٨ی ٢ی ٢٠٢٦ لە بەردەوامی چالاكییەكانی سەنتەری پەرەپێدانی کار و کارسازی زانکۆی سەڵاحەدین- ھەولێر، لە کۆلێژی زمان سیمینارێکی بۆ ناساندنی پرۆگرامی فوڵبرایت بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بۆ قوتابیان و دەرچووان و فەرمانبەرانی زانکۆمان بەرێوەبرد.
لەمیانی چالاكییەكەدا "پ.ی.د. سامان حسێن" ڕاگری کۆلێژی زمان پێشوازی لە بەڕێز ئەمیراڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری پرۆگرامەكان لە ئەمیدیست كرد. لە دیدارەکەدا كە بەڕێز "نیاز نجم" ڕێکخەری سەنتەری پەرەپێدانی کار و کارسازی و دەرچووی پرۆگرامی فوڵبرایت بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ئامادەبوو، گەنگەشەی کۆمەڵێک بابەتی ئەکادیمی و کولتووری کرا و جەخت لە گرنگی پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان بۆ قوتابیان، دەرچووان و فەرمانبەران، لەڕووی ئەکادیمی و کەلتوورییەوە کرایەوە. لە هەمانکاتدا، باس لە هەماهەنگی زیاتر لەنێوان زانکۆی سەڵاحەدین و ئەمیدیست لە ماوەی ئایندەدا کرا.
پاشان لە ھۆڵی یەعقوبی و بە ئامادەبوونی "د. سۆران مامەند عبدالله" یاریدەدەری ڕاگر، "پ. د. جوان عبدالله بەنان" سەرۆکی بەشی ئینگلیزی و بەشێک لە مامۆستایان، فەرمانبەران، دەرچووان و قوتابیانی زانکۆمان دەست بە سیمینارەکە کرا. لە سەرەتای سیمینارەکەدا، ناساندن بۆ خزمەتگوزارییەكانی سەنتەری پەرەپێدانی کار و کارسازی و پرۆگرامی فوڵبڕایت لەلایەن بەڕێزان د. ژینۆ بەختیار و م. دەریا سورکێو، لە لێژنەی پەرەپێدانی کار و کارسازی کۆلێژی زمان کرا.
هاوكات، بەڕێز ئەمیراڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکان لە ئەمیدیست بە تێروتەسەلی پرۆگرامی فوڵبرایتی بە ئامادەبووان ئاشناکرد و باسی لە ئامانج و داواکارییەکانی پرۆگرامەکە و چۆنییەتی پڕکردنەوە و پێشکەشکردنی ئەپلیکەیشنەکە بە شێوازێکی ئۆنلاین کرد. لای خۆشییەوە بەڕێز نیاز نەجم، ڕێکخەری سەنتەری پەرەپێدانی کار و کارسازی وەک دەرچوویەکی پرۆگرامەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ باسی لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پڕ چێژی زیاد لە دوو ساڵی خۆی لە وڵاتی ئەمریکا کرد، کە تیادا بە سەرکەوتووانە چەندین دەستکەوتی کەسی، ئەکادیمی و پیشەیی بەدەستھێناوە، گرنگترینیان: بە دەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر لە بواری زمانەوانی/ زمانی ئینگلیزی و بڕوانامەی ماوە درێژ و چڕی زمانی ئینگلیزی و بوون بە باڵوێزی نیازپاکی ویلایەتی ئەرکەنساسی ئەمریکا. لە کۆتایشدا، وەڵامی پرسیاری ئامادەبووان درانەوە.
شیاوی ئاماژەیە، كە پرۆگرامی فوڵبرایت پرۆگرامی سەرەکی حکومەتی ئەمریکایە و سەرجەم تێچووەکانی خوێندن، مانەوە و گەشتکردن بۆ خوازیارانی خوێندنی ماستەر لە وڵاتی ئەمریکا لە ئەستۆ دەگرێت و دەرفەتێکی ناوازەی گەشەی کەسی و ئەکادیمی و پیشەیی بۆ بەشداربووانی دەڕەخسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە داوا لە دەرچووان و فەرمانبەرانی زانکۆمان دەکەین، ئەوانەی کە مەرجەکانی پێشکەشکردنیان بۆ پرۆگرامەکە تێدایە، ئەم دەرفەتە ژیانگۆڕەی خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەست نەدەن و ئەپلیکەیشنی پێشکەشکردن بۆ پرۆگرامەکە پڕبکەنەوە.