ڕێککەوتی ٢٤ تاكوو ٢٧ی تشرینی دووەم ٢٠٢٥ پڕۆگرامی کارنامەی ڕاهێنانی تایبەتمەند / چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی خاوەنکاران لە عێراق بەرێوەچوو. ڕاھێنانەکە لە لایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (International Labour Organization) ڕێکخرابوو. شیاوی ئاماژەیە چالاكیەكە ژمارەیەک پسپۆری لە سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار و كارسازی زانکۆکان و دامودەزگاکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕاھێنانی پیشەیی و ژووری بازرگانی لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و نەینەوا کۆکردەوە.
ئەم ڕاھێنانە تەواوکاری پڕۆگرامی ڕاهێنانی تایبەتمەندی ڕێبەری ڕاوێژکارانی بەکارخستن و پەرەپێدانی پیشەیی/ چۆنیەتی پشتگیریکردنی کارخوازان بوو کە لە ڕێککەوتی ٤ تاكوو ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
ئامانج لە ڕاهێنانەكە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ناوەندەکانی بەکارخستن و پەرەپێدانی پیشەیی گشتی و تایبەت بوو لەگەڵ خاوەنکاران لەسەر ئاستی نیشتیمانی و نێودەوڵەتی، باشترکردنی شێوازەکانی پۆلێنکردنی توێژە بەئامانج گیراوەکان و بەکارهێنانی ستراتیژییانەی کەرەستە دیجیتاڵییەکان و بەڕێوەبردنی پێشوەختەی کارامەییەکان و بەهێزکردنی پێگەی خزمەتگوزارییەکانی بەکارخستنی گشتی بەو پێیەی کە هاوبەشێکی باوەڕپێکراون لە سەرچاوە مرۆییەکاندا.
بە نوێنەرایەتی زانكۆمان بەڕێز نیاز نجم صالح، ڕێکخەری سەنتەر و مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری و م.ی ئالا صلاح ئەسعەد، مامۆستا لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری بەشدارییانکرد.
لەسەر داوای ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و پشت بەست بە سەرنج و تێبینی سەرجەم بەژداربووان لە ڕاھێنانەکەدا، بەڕێز نیاز نجم صالح، ڕێکخەری سەنتەری پەرەپێدانی کار و کارسازی زانکۆمان و بەڕێز عبدالله بەیتاش، نوێنەری زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان ھەستان بە کۆکردنەوە و پۆلێنکردن و شیکارکردنی ھۆکارەکانی سوود وەرنەگرتن لە خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکانی بەکارخستن لەلایەن خاوەنکاران و خستنەڕووی چارەسەرە پێشکەشکراوەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوە لە نێوان ناوەندەکانی بەکارخستن و خاوەنکاراندا. بەرھەمی ئەم کارە ھاوبەشە لە شێوەی پرێزنتەیشن لە ڕۆژی دووەم و سێیەمی ڕاھێنانەکەدا لەلایەن ناوبراوانەوە پێشکەشکرا و بوو بە نەخشەڕێگەی کاری ھاوبەشی سەرجەم لایەنە ئامادەبووەکان لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ناوەندەکانی بەکارخستن و پەرەپێدانی کار و خاوەنکاران. لە کۆتاییدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشداربوواندا پێشکەشکرا.