لە ڕۆژانی 28- 29ی نیسانی 2025 سەنتەری پەرەپێدانی کار لەكۆلێژی بەرێوەبردن و ئابووری زانكۆی سەلاحەدین، بە هەماهەنگی ڕێکخراوی داڤین و بە سپۆنسەری کۆمپانیای باب الجنة خولێکی ڕاهێنانی دوو ڕۆژەی تایبەت بە ئامادەكردنی قوتابییان بۆ بازاڕی كار بۆ پۆلێک لە قوتابییانی گشت بەشەکانی کۆلێژ ئەنجامدا.
خولەكە لەژێر ناونیشانی "دروستکردنی سیڤی و تێگەیشتن لە ژینگەی شوێنی کار" بوو کە تیایدا قوتابییانی بەشدار لە ڕۆژی یەکەم بەشێوەیەكی کرداری فێری دروستکردنی سیڤی کران، هاوكات بەرنامە و پڕۆگرامەکانی تایبەت بە هەلی کاریان بۆ خرایەڕوو. لە ڕۆژی دووەمی خولەکەدا بەشداربوان ئاشناكران بە چۆنیەتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی کار، تایبەتمەندییەكانی ژینگەی کارکردن و شێوازی مامەڵەی دروستی کارمەندان.
جێی ئاماژەیە بابەتەكانی خولەکە پێشکەشکران لەلایەن هەر یەکە لە ڕاهێنەران "م. سورێن ئەکرەم"، "م. روان عبدالمجید بابان"، "م. سامی گلی"، و "م. الاء صلاح اسعد". لە کۆتایی ڕاهێنانەکەشدا بڕوانامەی خول بەخشرا بە قوتابیانی بەشداربوو، و سوپاس و پێزانینی ڕاگرایەتی کۆلێژیش لەلایەن بەرێز (م.ی. هەرێم حیدر قادر) یاریدەدەری ڕاگر بەخشرا بە ڕاهێنەران.