دەستپێشخەرى سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەدین-هەولێر
بۆ هاوکارى مامۆستایان، کارمەندان و قوتابیان لە ڕێگەى داشکاندن لە کەرتە جیاوازەکان
دەستپێك:
بە سەرپەرشتى بەڕێز پ. د. کامەران یونس محمدامین سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین-هەولێر، بە شانازییەوە ڕاگەیاندنى پڕۆژەى (+SUID) دەستى پێکرد. ئامانجى ئەم پڕۆژەیە پێشکەشکردنى داشکاندن لە کەرتەکانى تەندروستى، بازاڕیکردن (بە گشتى)، خواردنگە و کافیەکان بۆ هەموو هەڵگرانى ناسنامەى زانکۆى سەڵاحەدین، کە هەریەکە لە مامۆستا، قوتابى و کارمەندان لە خۆدەگرێت.
ناوى پڕۆژە:
سودپڵەس (+SUID) کە ئاماژەیە بۆ Salahaddin University Identity Plus ئەویش بەواتای (سودى زیاتر وەرگرە لە ناسنامەى زانکۆى سەڵاحەدین).
پوختەى پڕۆژە:
زانکۆى سەڵاحەدین، وەکو یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین دامەزراوەى ئەکادیمى لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لە ئێستەدا خاوەن کۆمەڵگەیەکى گەورەى مامۆستا، کارمەند و قوتابیە، کە سەروویی (٣٠,٠٠٠) کەس دەبێت، زانكۆ لە پڕۆژەى (+SUID)دا هەوڵ دەدات سود لەو قەبارە وەربگرێت، ئەمەش بە دروستکردنى هاوبەشى لە هەنگاوی یەكەمدا لەگەڵ دامەزراوەكانی بواری تەندروستى، خواردنگە و بازارە جیاجیاکان. هاوكات لە ڕێگەى ئەم هاوبەشییە، خاوەن ناسنامەکان لەگەڵ کەسى یەکەمى خاوەن ناسنامە (دایک، باوک، خوشک، برا، منداڵى هەڵگرى بڕوانامە) دەتوانن لە داشکاندنى تایبەت بە زانکۆى سەڵاحەدین سوودمەندبن لەم بوارانەدا كە ئاماژەیان بۆ كراوە.
ئامانجەکان:
- دابینکردن و پشتگیرى دارایى: بۆ كۆمەڵگەی زانكۆ لەوانەش قوتابیان، کارمەند، مامۆستا و توێژەرەکان، بە ئامانجی بەشداریكردن لە كەمكردنەوەی قورسایی ژیان بەتایبەت لە دۆخی ئێستەدا.
- پەرەپێدانى ڕۆڵى زیاتری زانکۆ: لە ڕێگەى ئەم پڕۆژە، زانکۆ هەوڵ دەدات ببێتە بەشێکى چالاک لە کۆمەڵگەدا، كە پڕۆژەكە رێگە خۆش دەكات بۆ هاوبەشی زیاتر لە داهاتوویەكی نزیكدا.
- دروستکردنى پەیوەندى بەهێز: لە نێوان زانکۆ و كەرتە جیاوازەكان كە خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشكەش دەكەن.
تایبەتمەندى پڕۆژەى +SUID
- سوودمەندان: تەنها هەڵگرانى ناسنامەى زانکۆى سەڵاحەدین-هەولێر، سود لەم پڕۆژە وەردەگرن، لەگەڵ کەسى یەکى خاوەن ناسنامە.
- میكانیزمی جێبەجێكردن: زانکۆ ڕێکەوتى فەرمى لەگەڵ لایەنى دووەم واژوو دەکات (لایەنەکانى تەندروستى و ئەوانى تر) و تیایدا بڕى داشکاندن دیارى دەکرێت، بە بڕى جیاواز.
- پڕۆژەى بێ قازانج: زانکۆ هیچ قازانجێکى دارایى لە لایەنى دووەم وەرناگرێت، تەنها خزمەتکردنە بە کۆمەڵگەى زانکۆ.
- دیجیتاڵ کردن: پڕۆژەکە دەکرێتە دیجیتاڵى بۆ ئاسان بە کارهێنان و پشتڕاستکردنەوەى ناسنامە.
چاودێری و دڵنیایی لە کواڵێتی: زانکۆ بە شێوەى بەردەوام چاودێرى دەکات، بۆ دڵنیابوون لەوەى هەموو هاوبەشەکان پابەندن بە بەڵێنەکانیان و خزمەتگوزارى پێشکەش دەکەن وەک بەڵێننامە.