سێشەممە ڕێککەوتی ٣١ـی ٣ـی ٢٠٢٦، بە چاودێری بەڕێز "پ.د. کامەران یونس محمدامین" سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی سەڵاحەدین بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم، وێبینارێکی زانستی و ڕێنمایی لەژێر ناونیشانی «چۆنییەتی خۆپارێزی لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو؛ لە کاتی کەوتنی درۆن، مووشەک و تەقینەوە مەترسیدارەکان» ڕێکخست.
وێبینارەکە سەعات ٩:٠٠ی شەو بە شێوەی ئۆنلاین (ڕاستەوخۆ) بەڕێوەچوو، کە بەڕێوە دەبردرا لە لایەن "م.ئاریان حسین دزەیی بەڕێوبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی سەڵاحەدین وە هەروەها "عەقید ئەیوب غەفور محەمەد" بەڕێوەبەری بەشی نەهێشتن و چارەسەرکردنی بۆمبی نەتەقیو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم، بابەتەکەی پێشکەش کرد.
لە میانی وێبینارەکەدا، بە وردی باس لە ڕێکارە سهلامهتییهكان و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە کتوپڕ و نەخوازراوەکان کرا. پێشکەشکاری بابەتەکە جەختی لەسەر گرنگی هۆشیاری هاوڵاتیان کردەوە لە کاتی ڕوودانی تەقینەوە یان کەوتنی درۆن و مووشەک، و چەندین ڕێنمایی کردەیی بۆ پاراستنی گیانی تاک و کۆمەڵگە خستە ڕوو.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی سەڵاحەدین دێت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و ئاشناکردنی قوتابییان، مامۆستایان و هاوڵاتیان بە بنەماکانی سەلامەتی گشتی، تاوەکو لە کاتی هەر ئەگەرێکی مەترسیداردا بتوانن بە زانستیانەترین شێوە گیانی خۆیان و دەوروبەریان بپارێزن. لە کۆتایی وێبینارەکەشدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ بەشداربووان کرایەوە و وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە ڕێکارە بەرگرییەکان درایەوە.