ئەمڕۆ ڕێکكەوتی 27ی نیسانی 2025 بە ئامادەبوونی "پ.د. شریف مولود شریف" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، "بەرێز کاظم نامق" بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی لقی هەرێمی كوردستان، "پ.ی.د. بەختیار صابر محمد" سەرپەرشتیاری كۆلێژی بەرێوەبردن و ئابووری، و "م. حسین احمد مصطفی" بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی كار". یەكەم ڕۆژی هەفتەی گشتگیری دارایی بە بەشداری زیاتر لە 30 بانك و دامەزراوە و كۆمپانیای بواری دارایی لە کۆلێژی بەرێوەبردن و ئابووری زانکۆی سەلاحەدین بەرێوەچوو.
لەسەرەتای بۆنەكەدا، "پ.د. شریف مولود شریف" بە ناوی سەرۆكایەتی زانكۆوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد، پاشان ئامانجەكانی چالاكیەكەی خستەڕوو لەوانەش بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری دارایی و بەرزکردنەوەی متمانە لە نێوان دامەزراوە داراییەکان و هاوڵاتیاندا، لە هەمانكاتدا هەنگاونانە بەئاڕاستەی دروستکردنی پردێكی بەهێز لە نێوان کەرتی بانكی و کۆمەڵگەی ئەکادیمی.
هاوكات ڕاگەیاند كە تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە داراییەکان و بەكارهێنانی سیستەمی بانکی مۆدێرن تەنها کارامەیییەکی پێویستی ژیان نییە، بەڵكو بنچینەی بەهێزکردنی کەسی و گەشەپێدانی نیشتمانییە. لەکۆتایی وتەكەیدا، هانی قوتابییانیدا پرسیار و بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن، و دەرفەتەكە بەباشی بەكاربهێنن بۆ بنیاتنانی ڕۆشنبیریەكی باشی دارایی.
لە درێژەی چالاكیەكەدا، بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی سیمینارێكی دەربارەی پلانی ستراتیژی بانكی ناوەندی پێشكەشكرد و لەلایەن "بەرێز شیروان انور مصطفی" ڕاوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلیەکانی عێراق وتەیەك دەربارەی گشتگیری دارایی و پێشكەوتنەكان لە كەرتی بانكی بەتایبەت پێشووەچوونی دیجیتاڵی پێشکەشکرا، دواتر ئامادەبوان بانگێشتکران بۆ بینین و لە نزیکەوە ئاشنابوون بە خزمەتگوزاری بانکەکان.