
لە درێژەی چالاكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بەردەوامە لە ئەنجامدانی زنجیرە چالاكییەكانی هۆشیاری وەك هەنگاوی یەكەمی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی.
بەشدارانی چالاكییەكان بریتیین لە قوتابییان و مامۆستایان، كە بەشێوەی سیمینار و گفتوگۆ بەرێوەدەچن و پەیوەستن بە چونیەتی خۆپارێزی، بەرەنگاربوونەوەی گێچەڵ و خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان. لە درێژەی چالاكییەكان هەفتەی دووەمدا، لە كۆلیژەكانی (ئاداب، كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە، و پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەكان) بەێوەچوون و بەردەوام دەبن.
شیاوی بیرهێنانەوەیە، كە بە فەرمانی "پ.ی.د. كامەران یونس محمدامین" سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین، لەئاستی سەرۆكایەتی لێژنەیەكی باڵا پێكهاتووە بە نوێنەرایەتی مامۆستایانی پسپۆر لە گشت كۆلێژەكان، كە ئەركی سەرەكی لێژنەكە بریتییە لە پەرەپێدانی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان.