پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەشداری چاڵاکییەکی پڕۆژەی عەلائەدین سەر بە رێکخراوی یونسکۆ تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و توندڕەوکان کرد، لە کۆنفڕانسەکەدا سەرۆکی رێکخراوی یونسکۆو وەزیرانی خوێندنی باڵاو پەروەردەو سەرۆکی زانکۆکان لە وڵاتانی ئەمەریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، سویسرا، بەرازیل، تورکیا، ئازربایجان، ئیسرائیل و چەندین وڵاتی ئەفریقی و عەرەبی، لە عێراقیش تەنها زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی ئەندامی ئەو پڕۆژەیەن بەشداربون. کۆنفڕانسەکە ماوەی یەک رۆژی خایاند کە سێ پانێڵی لە خۆگرتبوو، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە پانێڵی یەکەم بەشداریکرد کە تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی گەنجان و هاندانی قوتابیانی زانکۆ تا بەرەنگاری توندوتیژی و توندڕەوی ببنەوە.
لە دەستپێکی پانێڵەکەدا دکتۆر ئەحمەد دزەیی رایگەیاند هەرچەندە زانکۆی سەلاحەدین زۆر نزیکە لە بەرەکانی جەنگ کەچی زیاتر لە هەزار قوتابی لە پەنابەری سووری و لێقەوماوانی یەزیدی شەنگالی و کریستیانی دەشتی نەینواو قوتابیانی دیکە لە شارەکانی سوونەنشین لە تکریت و موسڵ و ئەنبار وەرگرتوە. هەروەها لە بەشێکی دیکەی پانیێڵەکەدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە دژوارە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ قورسایی جەنگی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و بونی دوو ملیۆن ئاوارەو بڕٍینی بەشە بودجەی کوردستان لەلایەن بەغدا.داواشی لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە هاوکاری کوردستان بکەن بە تایبەت پێشمەرگە کە بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان دژ بە داعش شەڕ دەکات.
پاشان لە بەشێکی دیکە پانێڵەکەدا هەریەکە لە دکتۆر بەختیار ئەمین و عەزام عەلوش بە نوێنەرایەتی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی تیشکیان خستەر رەوشی کوردستان و عێراق بە تایبەت دکتۆر بەختیار گلەیی لە کۆمەلًَگەی نێودەوڵەتی کرد وەک پێویست هاوکاری پێشمەرگەو هەرێمی کوردستانیان نەکردوە لە بەرەنگاربونەوەی دژ بە داعش کە بە درێژایی سنووری ١٥٠٠ کیلۆ مەتر سنووری نزیکە لەو رێکخراوە دژ بە مرۆڤایەتیە، داواشی کرد هاوکاری کورد بکرێت لە هەرچوار پارچەی کوردستان کە بەرپرسیاریەتی مێژووی لە ئەستۆی وڵاتە زلهێزەکانە لە دابەشبونی کوردستان بۆ چوار پارچە. لە کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دیاری پێشکەش بەهەریەک لە سەرۆکی رێکخراوی یونسکۆو سەرۆکی پڕۆژەی عەلائەددین کرد کە بریتی بوو لە مافورێک قەڵای هەولێرو لۆگۆیەکی زانکۆی لەسەر نەخشێنراوە.
بەروار:٢٠١٦/١/٣٠