
بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
ئامادەبووانى بەڕێز :
جێگەى بەختەوەرى و سەرفیرازیمانە، ئەمڕۆکە هەموومان پێکەوە ئاهەنگى دەرچوونى خولى ٣٥ ـ ەمینى قوتابیانمان بەڕێ دەکەین و پۆلێکى دیکە لە قوتابیە زانست خوازە لێهاتووەکانمان بەرەو قۆناغێکى نوێ لە ژیانیاندا بەڕێ دەکەین ، بۆ ئەوەى هەر یەک لەو قوتابیە زانست خوازو خوێن گەرمانە ، بتوانن لە ئایندەدا رۆڵى ئەرێنى و کاراى خۆیان بۆ دروست کردنى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى ببینن ، کە ئەوان بونیاتنەرو فاکتەرى بنەڕەتى دروست بوونى ئەمڕۆو ئایندەى ئەو کۆمەڵگایەن .
ئێمە وەک زانکۆى سەلاحەدین شانازى بەوە دەکەین کە بە درێژایى ٣٥ ساڵ توانییوومانە سەدان هەزار قوتابى لەو زانکۆیە پەروەردە بکەین و پێ بگەینین و چەکدارییان بکەین بە زانست و مەعریفە و فیکر و ببین بە سەرچاوە بۆ دروست بوونى هەزاران پرۆفیسۆرو مامۆستاى زانکۆیى پلە بەرزو چەندین کەسایەتى مەزنى بوارى سیاسى و زانستى و فیکرى و رۆشنبیریى و کۆمەڵایەتى ..
بۆیە ئەو پشکە مەزنەى ئێمە لە بەمەدەنى بوونى کۆمەڵگاکەمان بەرمان کەوتووە ، باى ئەوەندە دەکات شانازى بەو زانکۆ پڕ لە بەخششە بکەین کە لە داوێنى دا چەندین زانکۆى ترى لێ لە دایک بووە .
ئەمڕۆکەش زانکۆکەمان بە هەمان ریتمى نیو سەدە بەر لە ئێستا کار دەکات ، بێ ئەوەى ئاستەنگەکانى ئابوورى و شەڕى بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە تیرۆرستان و بڕینى بودجە لە لایەن حکومەتى مەرکەزییەوە ، کار بکاتە سەر ئەداى ئەو زانکۆیە لە راپەڕاندنى کارەکانیدا ، هەمیشە هەوڵمان داوە زانکۆ لە چوارچیوەى تەنها ئەرکێکى زانستى و مەعریفى دەربێنیین و بەو پرۆسە نیشتمانى و نەتەوەییانەوە گرێ ى بدەین کە پەیوەستن بە ئایندەى کۆمەڵگاکەمان ...هەوڵمان داوە بە رۆحى پێشمەرگە کار بکەین ،هەر ئەو رۆحە نیشتمانیە پیرۆزەیە کە لاى مامۆستایان و قوتابیان و کارمەندان دروست بووە واى کردووە کە بە سەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بین و زانکۆ بەردەوام بێت لە بەخششەکانى خۆیداو زانست لەو وڵاتەدا پەکى نەکەوێت ،دیارە ئەمەش گەورەترین مقاوەمەتە دژ بە دوژمنانى ئەو وڵاتە ..
هەروا زانکۆمان بە ئەرکى سەرشانى خۆى زانیووە کە بە سەدان و هەزاران قوتابى عەرەبى ئێراق و یەزیدى و کریستیان و پەناهەندەى سوورى لە ئامێز بگرێت و هاوکارى زانکۆکانى شارەکانى دیکەى موسڵ و تکریت و ئەنباریش بکات بۆ بەردەوام بوونیان لە سەر خوێندنى خۆیان .
ئەوەتا هەر لەو زەمەنە دابوو کە نەک هەر ئەو بوارەمان نەرەخساند ئاستەنگەکان رێ لە پێشکەوتنى زانست بگرن ، بەڵکو لە پەناى ئەو خۆ راگریەشەوە ئاستى زانستى زانکۆو کوالیتى خوێندن بگەینینە ئاستێکى خوازراو ، بەڵگەشمان بۆ ئەوە ئەوە بوو کە زانکۆى سەلاحەدین لەو ریز بەندییە نیشتمانییەى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ زانکۆکانى کوردستانى دانا ، زانکۆى سەلاحەدین بە شانازییەوە بوو بە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان .
هەروا رۆحى نیشتمان پەروەرى مامۆستایانى زانکۆى ئێمە لەوەدا دەردەکەوێت کە لە سۆنگەى لەبەرچاو گرتنى ئەو هەلو مەرجە تەنگەتاوە ئابوورییەى وڵاتەکەمان، جێگەى شانازییە کە مامۆستایانمان بۆ بەردەوام بوون لە سەر پێشکەوتنى ئەکادیمى و و پەرە پێدانى توێژینەوە زانستیەکانیان ، هەموو ئەو شاندانەى رەوانەى کۆنفراسە زانستییە نێو دەوڵەتیەکان دەکرێن لە دەرەوە لە سەر ئەرکى مامۆستاکانمان خۆیان بووە، هەر بۆ ئەمساڵیش (٢٥) شاند بۆ بەشدارى بوون لە کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیەکان ، لە سەر ئەرکى مامۆستایان خۆیان بووە . .
هەروا لەروانگەى لە بەرچاو گرتنى ئەو هەلومەرجە زانکۆ هەوڵى ئەوەى داوە زۆربەى کۆنفرانس و دیدارە زانستییەکانى خۆى لە رێگەى سپۆنسەرى ئەو کۆمپانیا بەڕێزانەوە ئەنجام بدات کە لەم قۆناغەدا وەک ئەرکێکى نیشتمانى بە سوپاسەوە لە تەک ئێمەدا وەستاون بۆ بەردەوام بوونى ئەو کۆنفراسە زانستییانە.
بەڕێزان :
زانکۆى سەلاحەدین گەورەترین زانکۆى کوردستانە لە رووى قەبارەو ژمارەى مامۆستایان و قوتابیانیەوە ، ئێستا ئێمە خاوەنى (١٤) کولێژو ( ٨٦) بەشى زانستین کە ٢٥٠٦٢ هەزار قوتابی دەگرنە خۆیان ، لەوانە ١١٥٤٢ قوتابى کوڕو ١٣٥٢٠ قوتابى کچ ، هەر تەنها بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠٠٠قوتابى لەو کولێژانە دەردەچن و ئەگەرى ئەوەش لە ئارادایە کە بۆ ساڵى نوێ ى خوێندنیش زیاتر لە ( ٥) هەزار قوتابى لەو زانکۆیەدا وەرگیرێن
لە پاڵ ئەوەشدا هەوڵمان داوە لە رێگەى بەرنامەى توانا سازى بەردەوامى بە خوێندنى باڵاى خۆمان بدەین و تا ئێستا لەم بوارەدا( ١٥٠) قوتابى دکتۆراو ( ٢٠٠) قوتابى ماستەرمان هەیە لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان دەخوێنن .
هەروا بۆ ساڵى نوێ ى خوێندنیش پانتاییەکى بەرفرەوانمان بۆ خوێندنى باڵا فەراهەم کردووە ، بەڵام بە پێى رێنماییە تازەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئامانجمان ئەوە دەبێت کە ئاستى کوالیت و دڵنیایى جۆرى خوێندنى باڵا بگەینینە ئاستێکى جیهانیى کە دەرچووانى ئێمە لە خوێندنى باڵادا شایەستە بەو نازناوە زانستیە گەورەیە بن کە هەڵى دەگرن .
هەر لەبەر رۆشنایى ئەو هەلو مەرجەى ئەمڕۆى کوردستان هەوڵمان داوە پەیوەندییە ئەکادیمییەکانمان لە گەڵ رێکخراوو زانکۆ جیهانییەکاندا بەردەوام بێت و تا ئێستا چەندین پرۆژەى زانستیمان لە گەڵیاندا هەیە لەوانە ٨ پرۆژە لە گەڵ ئیراسموس و ٥٠ پرۆژە لە گەڵ زانکۆى لۆندو ٤ پرۆژە لەگەڵ رێکخراوى داد وێڕاى ٥ زەمالاتى رووسى و ٥٠ مۆڵەتى خوێندن . هەروەها بۆ یەکەمجار ئەمساڵ و لە چوارچیوەى بەرنامەى سپلیت ساید وەک ئەزموونێکى زانستى نوێ لە زانکۆکەماندا یەکەم دەستەى ئەو بەرنامەیەمان دەردەچن و دوو قوتابیمان بڕوا نامەى دکتۆریان بە دەست هێناوە . نیشانەیەکى دیکەى بە زیندوو راگرتن و پێشکەوتنى زانکۆکەمان لە بەردەوام بوونى بەرز کردنەوەى پلەى زانستى مامۆستایانمانە لە بوارى خوێندنى باڵادا ، ئەوەتا هەر تەنها لە ١ ى ئەیلوولى ساڵى رابووردوو تاوەکو ئێستا ( ١١) مامۆستا لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەرەوە بوونەتە پرۆفیسۆرو ( ٤١) مامۆستاش بوونەتە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر ( ٣٠) مامۆستاى یاریدەدەریش بوونەتە مامۆستا .
هەروا لە چوارچیوەى بەرنامەى خوێندنى ئێوارانیشدا کە زانکۆمان بۆ رەخساندنى دەرفەتى خوێندنى ئەکادیمى بۆ مامۆستایانى بنەڕەتى رەخساندویەتى،وەک بیرۆکەیەکى بنەڕەتى زانکۆى سەلاحەدین لە پێناو پەرەپێدانى ئاستى زانستییان و دابین کردنى مامۆستاى پسپۆر ،ئەمساڵ بۆ یەکەمجار دەستەى یەکەمى ئەو مامۆستا بنەڕەتییانە دواى چوار ساڵ خوێندن نزیکەى (٤٠٠) قوتابى وەک ئەزموونێکى سەرکەوتوو ئەمساڵ لەو زانکۆیەدا دەردەچن و بڕوانامەى بەکالۆریۆس وەردەگرن لەسەرجەم بوارە جیاجیاکاندا . هەروا جێى شانازییە کە زانکۆى سەلاحەدین یەکەم زانکۆیە لە کوردستاندا کە جگە لە سەنتەرى شار ، چەند کولێژوبەشێکى زانستیشى هەیە لە شارو شارۆچکەکانى وەک شەقلاوەو مەخموور بە ئامانجى گەشەپێدانى ئەو ناوچانەى کوردستان لە رووى زانستى و خزمەت گەیاندن بە کۆمەڵگاکەمان لەو ناوچانەدا و دامەزراندنى بەردى بناغە بۆ دروست بوونى زانکۆى سەربەخۆ لەو ناوچانەدا ... ئەوەتا بۆ ئەمساڵ ژمارەیەکى بەرچاو لە قوتابیانى ئەو دوو کولێژە لەو بەشانەدا دەردەچن .
بەڕێزان :
هەرچۆن لە رووى زانستییەوە هەموو هەوڵمان بۆ ئەوە خستۆتە گەڕ کە ئاستى زانستى و ئەداى زانکۆمان بەرز راگرین لە هەمان کاتیشدا لە هەوڵى ئەوە داین کەوا خزمەتگوزارى پێویست بۆ مامۆستایان و قوتابیان و کارمەندانمان دابین بکەین ، یەکێ لەو دەسکەوتانەش وەرگرتنى رەزامەندى رێزدار نیچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەت بوو بۆ تاپۆ کردنى خانووى نیشتەجێ کردنى مامۆستایانى زانکۆ بوو ، وەک لاکردنەوەو رێزلێنانێک بۆ کۆششى زانستى و مەعریفى ئەو مامۆستا خۆراگرو بەڕێزانە ...
هەروا هەموومان بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانى تێپەڕ بوونى ئەو قەیرانە ئابوورییەین بۆ ئەوەى گەورەترین خەونى دێرینەمان بێتە دى کە ئەویش پرۆژەى کەمپى زانکۆى سەلاحەدینە کە ئێستا دیزایینەکەى تەواو بووەو دواى تێپەڕ بوونى ئەو قەیرانە دەست بە دروست کردنى دەکرێت .
ئێمە دڵنیاین کە زۆر ناخایەنێت و ئەو پەڵەهەورە رەشانەى سەر کوردستان دەڕەونەوەو کوردستان بەرەو ئاسۆیێکى گەشتر لە جاران هەنگاو دەنێ و خەونى سەد ساڵەى کورد دێتە دى و بەرى رەنج و خەبات و قوربانى دانى ئەو گەلە بۆ سەربەخۆیى و ئازادى دەدورینەوەو کوردستان دەبێت بەو وڵاتە نموونەییەى ئەو ناوچەیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە ببێتە جێگەى شانازى هەر هەموو دنیا بۆ ئاشتى و ئارامى و سەقامگیرى ..
لە کۆتاییدا : جارێکى تر پیرۆز بایى لەو قوتابیە خوێن گەرمانەمان دەکەین کە دەبن بە پێشەنگى دروست بوونى کوردستانێکى نوێ ى ئازاد .
پیرۆزبایى لە رۆحى پاکى شەهیدە سەربەرزەکانمان کە بە خوێنى خۆیان سنوورەکانى ئێمەیان پاراست بۆ ئەوەى ئێمە بە ئارامى بەردەوامى بە ژیان بدەین . پیرۆزبایى لەو مامۆستا خۆبەخشانە ..لەو کارمەندە دڵسۆزانەى زانکۆ ..کە ئاستەنگەکان چۆکى پێ دانەدان وبە رۆحی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتى نیشتمانى و ئەخلاقى خۆیان بە سەر ئەو ئاستەنگانەدا زاڵبوون
پیرۆزبایى لە خانەوادەى ئەو قوتابیانە ..کە ئومێدیان بۆ ئایندەى رۆڵەکانیان و وڵاتەکەیان بەرزتر بوو لە چاوەڕوانیەکان .
پیرۆزباییمان بۆ پێشمەرگە..بۆ کورد،بۆکوردستان
پ.ى.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى |
سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین - هەولێر |
بەروار :٢٠١٦/٧/٢