
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابیانی خۆشەویست
میوان و ئامادەبووانی بەڕێز
جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە قوتابیانی خۆشەویستی زانکۆی سەلاحەدین بڕوانامەی دەرچوونیان بەسەرکەوتوویی وەرگرتووە و خۆیان بۆ قۆناغی هەوڵدان و خزمەتکردنی وڵاتەکەیان ئامادە کردووە. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم کە ئەرکی پیرۆزی پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویستیان لەسەر شانە و پێزانینم بۆ رۆڵ و ماندووبوونیان هەیە. سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلیژ و بەشەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەکەم کە سەرپەرشتی پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی قوتابیانی ئەم خولەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجام داوە.
مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست
گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە سەرباری بوونی کۆسپ و تەحەددیات توانیویەتی خۆڕاگر بێت و قۆناغی سەخت تێبپەڕێنێت و لە سایەی قوربانیداندا دەستکەوتی گەورە مسۆگەر بکات. گەلی کوردستان قارەمانانە لە بەرانبەر پەلاماری تیرۆریستان و ئابلۆقە و گوشاری جۆراوجۆردا وەستاوە و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی تیرۆریستانی شکاند و جیهانی سەرسام کرد،کچان و کوڕانی کوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا نموونەی باڵایان لە گیانفیدایی و ئازایەتی تۆمارکرد کە لە جیهاندا کەم وێنەیە و تا هەتایە جێگەی شانازیین.
ئێستا کوردستان بەرگری لە بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی دەکات و ئەوە پێگەی گەلەکەمانی لە ئاستی جیهان بەرز کردووەتەوە. گەلی کوردستان دۆست و هاوپەیمانی لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە کە پشتیوانی مافە رەواکانی گەلەکەمانن. کاتی ئەوەیە گەلی کوردستان وەک میللەتانی تری جیهان خاوەنی سەروەری و کیانی خۆی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستی و بەرەو پێشەوە بچێت، هەر بۆیەش پێویستە رۆڵەکانی گەلەکەمان لەسەر بەها بەرزەکانی مرۆڤدۆستی و نیشتیمانپەروەری و خزمەتکردنی وڵات و بڕوا بەخۆبوون گۆش بکرێن. بۆ ئەوەی بتوانین ببینە نموونەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و پێشکەوتن لە ناوچەکە و جیهاندا، بۆ ئەو مەبەستە رۆڵی مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست و ئەهلی زانست یەکلاییکەرەوە و کاریگەر دەبێت.
لێرەدا پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ زانکۆ و قوتابیانی کوردستان رادەگەیێنم. پێویستە بە هەوڵی هەموو لایەک ئاستی زانستیی زانکۆکانمان بگاتە ستانداردە جیهانییەکان. هەروەها کەرتە حکوومی و ئەهلییەکان هەلی کار و پێشکەوتن بۆ قوتابیانی دەرچوو بڕەخسێنن بۆ ئەوەی پسپۆڕی و تواناکانیان بۆ خزمەتکردنی وڵات بەکار بهێنن.
قوتابی و گەنجەکانمان ئومێدی ئەو میللەتەن. خۆشحاڵم بە سەرکەوتن و دەرچوونتان و هیوای بەختەوەری وسەربەرزیتان بۆ دەخوازم.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان |
مسعود بارزانى |
٢٠١٦/٦/٣٠ |
بەروار :٢٠١٦/٧/٢