
بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و گشت ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ لە مەڕاسیمێکی شایستەدا لە دوا کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (١٢)ی ساڵی ئەکادیمی ٢٠١٥-٢٠١٦، ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە (١١) تازە پرۆفیسۆری زانکۆ.
لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی لە وتەیەکدا پیرۆزبایی لە پرۆفیسۆرە تازەکان کردو رۆڵی ئەو زانایانەی کوردی لە پسپۆڕییە جیاوازەکان بەرزنرخاند، ئەوەشی گوت کە وەک زانکۆی سەلاحەدین شانازی دەکەن بوونەتە بەردی بناغەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەی پرۆفیسۆرەکانی زانکۆکەیان گەیشتۆتە زیاتر لە ١٠٠ پرۆفیسۆر کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بێ وێنەیە، بەمەش زانکۆی سەلاحەدین لە ریزبەندی زانکۆکانی کوردستان لە بەرزی پلەی زانستی مامۆستایاندا لە پێشەنگی دەمێنێتەوەو رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵکشان دەچێت و بەرەو بەجیهانیبوون دەشچێت.
شیاوی باسە زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵی ١٩٨١ ەوە لە شاری هەولێر برەوی بە خوێندنی باڵاداوەو ساڵ بە ساڵ پێشەوەچونی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت کە لە ئێستادا نزیکەی ٢٤ هەزار قوتابی بە کالۆریۆسی هەیەو ئەمساڵ تەنها لە خولی یەکەم نزیکەی چوار هەزار قوتابی بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرن و ژمارەی مامۆستایانی گەیشتۆتە زیاتر لە دوو هەزار وچوارسەد مامۆستا کە لە نێو ئەو ژمارەیەدا ١٠١ یان نازناوی ئەوانی دیکە نازناوی پرۆفیسۆری یاریدەدەرو مامۆستا و مامۆستای یاریدەدەرە.
بەروار :٢٠١٦/٦/٢٨