
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبوونی دکتۆر حازم بورهان سەرۆکی بەەشی زمانی تورکی لە کۆلێژی زمان پێشوازیکرد لە شاندێکی زانکۆی بیلکەند بە سەرۆکایەتی دکتۆر راسیم ئوزیورەک هەماهەنگیکاری گشتی زانکۆکەو پرۆفیسۆر دکتۆر هەمزە زولفیقار مامۆستای بەناوبانگی زمانی تورکی و خاتوو نەسرین ئەربیل شاعیری ناسراوی تورکمانی، لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە پاڵپشتیەکانی زانکۆی بیلکەند بۆ سەرکەوتنی بەشی زمانی تورکی لە کۆلێژی زمان.
لە هەر دانیشتنەکەدا شاندی میوان شادومان بوون بە پێشکەوتنی زانکۆو بەڵێنیاندا هەردەم پشتگیری بەشی زمانی تورکی بکەن لە کۆلێژی زمان و بەمەستی هاتنیان بۆ زانکۆی سەلاحەدین روونکردەوە کە بۆ تاقیکردنەوەی ئەو قوتابیانە هاتوو لە بەشی زمانی تورکی کە بڕیار وایە لە پشووی هاویندا بۆ خولی راهێنانی پراکتیکی بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بنێردرێن زانکۆی بیلکەند و هەموو خەرجیەکانیش لە ئەستۆی ئەو زانکۆیە بێت، هەرلە دیدارەکەدا ئامادەییان نیشاندا لە دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕ بۆ کردنەوەی خوێندنی ماستەر لە زمانی تورکی.
لە بەرامبەردا سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند شانازی دەکەن بەوە لە سەرەتای دروستکردنی ئەو بەشە زانکۆی بیلکەند دەستێکی باڵای هەبوە ساڵانەش قوتابی بۆ راهێنانی پراکیتی زمانی تورکی دەبەنە وڵاتی تورکیا، هەروەها سەرۆکی زانکۆ ئەوەشی گوت: کە زانکۆی سەلاحەدین بایەخی زۆری بە زمانە زیندووەکانی جیهان داوەو لەوانەش زمانی تورکی، فارسی، ئەڵمانی، عەرەبی، ئینگلیزی، کردنەوەی بەشی زمانی تورکیش لەو چوارچێوەیەدایە کە بازاڕی کاری کوردستان پێویستی پێیەتی بەتایبەت بواری بزنسدا، کە بە رێژەی٥٠% کۆماپانیاکانی کوردستان کۆمپانیای تورکین، بۆیە لە بازاڕی کاری کەرتی تایبەت خواست لەسەر دەرچووانی ئەو بەشە زۆرە. دکتۆر ئەحمەد هیوای خواست لە داهاتوودا هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەردوو زانکۆ هەبێت بۆ کۆنفڕانسی زانستی هاوبەش و چالاکی دیکە کە لەبەرژەوەندی هەردوولا بێت.
بەروار :٢٠١٦/٣/٢٨