لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆو ستافی ئەکادیمی زانکۆ حکومی و تایبەتییەکانی شاری هەولێر و ئەنجومەنی کۆلێژەکان و پرۆفیسۆرەکان و بەڕێوەبەرەکانی سەرۆکایەتی زانکۆو قوتابیان و مامۆستایان، لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا هاری شوت کتێبێکی بەناونیشانی (KURDISTAN Tour Guide) پێشکەش بە ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە کرد کە زیاتر لە ٥٠٠ تیراژ دەبوو. لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وێڕای بەخێرهێنانی میوانان دەستخۆشی لە هاری شوت کرد کە وەک کەسێکی بیانی و دۆستی نزیکی کورد توانیویانە کتێبێکی گەشتیاری بە زمانی ئینگلیزی لەسەر هەرێمی کوردستان بنوسن و دواتر لەسەر ئاستی ناوەخۆیی و دەرەوەی کوردستان بڵاو بکەنەوەو کوردستان بە جیهانی دەرەوە بناسێنن. دواتر هاری شوت لە وتەیەکدا سوپاسی زانکۆی سەلاحەدینی کرد کە مەڕاسێمی لەو شێوەیەی رێکخستووە بۆ بەخشێنی کتێبەکەی بە کەسانی ئەکادیمی تا سوودی لێوەربگیرێت لەسەر ئاستی بەشە جیاوازەکانی زانکۆ بەتایبەت بەشەکانی گەشتیاری و زمانی ئینگلیزی. پاشان هاری شوت ئەو رێبەرە گەشتیارییەی کە واژووی خۆی لەسەر دەکرد بەخشییە ئامادەبووان.