
لەمیانی سەردانیکردنی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین سەردانی ئۆفێسی گشتی رێکخراوی دادی ئەڵمانی لە شاری بۆن کردو لەگەڵ هەریەک لە خاتوو دکتۆرە غولاند ئەمینداری گشتی رێکخراوەکەو خاتوو دکتۆر ریناتا سەرۆکی بەشی هەماهەنگی پڕۆژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاتوو ئیزابیل میرینگ سەرۆکی بەشی پڕۆژە پەروەردەییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای باسکردن لە هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی رابردووی زانکۆی سەلاحەدین و رێکخراوی دادی ئەڵمانی، سوپاسی ئەو رێکخراوەی کرد کە پاڵپشتی زۆری پڕۆژەکانی زانکۆی سەلاحەدینی کردووە لە بوارەکانی ئابووری لە زانکۆی ئیرلانگن و ئەندازیاری میکانیک لەگەڵ زانکۆی فرایبرگ و لە بواری پەروەردەو زمانی ئەڵمانی لەگەڵ زانکۆی لایبزیگ، لەبەرامبەردا ئەمینداری گشتی رێکخراوەکە سوپاسی زانکۆی سەلاحەدینی کرد کە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئەستۆ گرتوە، ئەوەی جێگەی باسە داهاتووی بەشی زمانی ئەڵمانی لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین گفتوگۆی چڕی کۆبونەوەکەی نێوان سەرۆکی زانکۆو بەرپرسانی دادی ئەڵمانی بوو، رێکخراوی دادی ئەڵمانی ئامادەیی خۆیان نیشاندا لە پاڵپشتیکردنی دارایی و مەعنەوی ئەو بەشەو لە داهاتوویەکی نزیکیشدا رێکەوتنێک واژوو دەکرێت بۆ دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕو بەرنامەی ماستەرو دکتۆرا بۆ دەرچوانی بەشی زمانی ئەڵمانی و ئارەزومەندانی زمانی ئەڵمانی.
هەروەها پاڵپشیکردنی ئەو دەرچوانەی کە دەیانەوێت لەسەر ئەستۆی خۆیان ماستەر لە زمانی ئەڵمانی بخوێنن. لەهەمان کاتدا رەزامەندی درا قوتابیانی بەشی زمانی ئەڵمانی لەسەر ئەرکی دارایی رێکخراوی داد مەشقی هاوینە لە ئەڵمانیا ئەنجام بدەن، سەرباری ئەوەش ئەمینداری گشتی رێکخراوەکە رەزامەندیدا کە هەر چالاکیەک زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ زانکۆ ئەڵمانیاکان ئەنجامی بدات پاڵپشتی بکات بەتایبەت لە بواری ئەندازیاری کیمیاوی و شوێنەوار، لە نێو ئۆفێسی رێکخراوەکەدا سەرۆکی زانکۆ بە ڤیدیۆ کۆنفڕانس چەندین چالاکی خستەڕوو بۆ زانکۆی لایبزگ و بڕیاریش درا کە هەردوو زانکۆ بەردەوام بن بۆ بەڕێوەبردنی بەشی زمانی ئەڵمانی و دابینکردنی مامۆستاو دەستنیشانکردنی دەرچوان بۆخوێندنی ماستەرو ساڵی داهاتووش ٢٠تا ٢٥ قوتابی لەو بەشە وەربگیردرێت.
بەروار :٢٠١٦/٥/٢٤