![title](/sites/default/files/styles/article_intro_image/public/node-img/551_01504657610.jpg?itok=XIPmjkPB)
ئەمڕۆ پرۆفیسۆر ابراهیم حەمەڕەش، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە یاوەری بەڕێزان پ.ی د.محمد شاکر ڕاگری کۆلیژی خوێندنی ئیسلامی وپ.ی د.عاتف فەرهادی راگری کۆلیژی زمان و مامۆستا تەڵعەت تاهیر یاریدەری راگری کۆلیژی زمان سەردانی کونسولخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد لە هەولێر. وەفدەکە لەلایەن بەڕیز ئاغای مورتەزا عەبادی سەرکونسوڵی گشتی وڵاتی ئێران لە هەولێر و ئاغای محمد شێرزاد بەرپرسی کاروباری رۆشنبیری لە کونسولخانەی ئێران پێشوازیان لێکرا.
سەردانەکە بۆ دانانی رێوشوێن بوو بۆ چەند چاڵاکیەک کە زانکۆی سەلاحەدین ئەمساڵ لەگەڵ زانکۆ ئێرانیەکان ئەنجامی دەدات . لەو چاڵاکیانەش ناردنی حەڤدە قوتابی پۆڵی چوارەمی بەشی زمانی فارسی بۆ وڵاتی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە کە بڕیاردرا لە مانگی ئادار بنێردرێن ، هەروەها بڕیاردرا یەکێک لەو زنجیرە سیمینارانەی کە دەربارەی ئیمامی شافیعی لە شارەکانی ئێران ئەمساڵ ئەنجام دەدرێن بهێندرێتە زانکۆی سەلاحەدین، بۆ ئەم مەبەستەش وەفدێکی زانکۆی سەلاحەدین بەشداری سیمیناری مەریوان دەکات ، ئەم زنجیرە سیمینارانە بۆ خۆئامادەکردنە بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی گەورە دەربارەی ئیمامی شافیعی کە ساڵی ئایندە لە ئێران بەڕێوە دەچێت.
لەو کاتەش زانکۆی سەلاحەدین بەشێوەیەکی کارا بەشدار دەبێت. هەروەها بڕیارە لە مانگی نیسان بەشی بەنداوو سەرچاوەکانی ئاو لە زانکۆی سەلاحەدین بە هاوکاری زانکۆی کوردستان لە سنە وۆرکشۆپی هەفتەی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن. چگە لەم چاڵاکیانە، بیروڕای زیاتر لە ماوەی داهاتوو ئاڵوگۆڕ دەکرێ سەبارەت بە کردنەوەی دکتۆرا لە زانکۆی بەهەشتی لە تاران بۆ مامۆستایانی بەشی زمانی فارسی لە زانکۆی سەلاحەدین و سەردانی چەند توێژەرێک لە بواری نانۆتەکنۆلۆجی بۆ ماوەیەک بۆ زانکۆی شەریف سەنعەتی و عیلم و سەنعەتی تاران. کۆبوونەوەکە پتر لە دوو سەعاتی خایاند و هەردوولا بە پەرۆشەوە هیوای سەرکەوتنی ئەو چاڵاکیانەیان خواست.
بەروار :٢٠١٦/١/٢٥