![title](/sites/default/files/styles/article_intro_image/public/node-img/443_01504657609.jpg?itok=qKuXdwh3)
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی سوپاسگوزاری زانکۆی سەلاحەدین و دەستخۆشیکردن لە سەرنووسەروبەڕێوەبەری نوسین و تەواوی ستافی رۆژنامەکە سەردانی ئۆفێسی سەرەکی رۆژنامەی (خەبات)ی زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردو لەلایەن مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەرو مامۆستا دڵشاد وەسانی بەڕێوەبەری نوسینی رۆژنامەی خەبات پێشوازی لێکرا. لە دانیشتنێکدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای دەستخۆشی لە سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نوسین و ستافی رۆژنامەکەی خەبات کە ماندوونەناسانە ئەرکە رۆژنامەوانییەکەیان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و ئەخلاقی پیشەییەوە رادەپەڕێنن، هەر لە دیدارەکە سەرۆکی زانکۆ سوپاسی ستافی رۆژنامەکەیکرد کە چالاکییەکانی زانکۆ وەک خۆی بۆ خوێنەران دەگوازنەوەو لەو بارەیەوە زانکۆ شانازی بە رۆژنامەیەکی زیاتر لە پەنجا ساڵ خەباتی رۆژنامەگەری کوردی دەکات کە ئەمڕۆ دەیان ماستەرنامەو دکتۆرانامەی لەسەر نوسراوتەوە بە شێوەیەکی ئەکادیمی، لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند بەهۆی راستگۆیی رۆژنامەی خەبات من رۆژانە پێش ئەوەی بگاتە بازاڕ بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لەسەر ماڵپەڕی خەبات دەیخوێنمەوەو بۆتە سەرچاوەی هەواڵ و ئەرشیفی ئێمەو خەڵکانی دیکە. لە کۆتایی دیدارەکەدا دکتۆر ئەحمەد دزەیی دیاری زانکۆی سەلاحەدینی پێشکەش سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نوسینی رۆژنامەی خەبات کردو هیوای خواست هەمیشە لە خەبات دا خەباتیان بەردەوام بێت بۆ گەیاندنی وشەی راستی و هەواڵی دروست و پێگەیاندنی نەوەیەکی بیرکراوە کە بە وشەو رستەکانی رۆژنامەکە گۆش بکرێن تا هەمووان یەکتریان خۆش بوێت بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ.
|
بەروار :٢٠١٥/٩/٢٢