
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەلاحەدین دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پێشوازی لە کونسولی گشتی هەنگاریا چابا ڤێزێکینی و زاگرۆس رێباز بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکان کرد، لە دیدارێکدا کە سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە کۆلێژی ئەدەبیات و دکتۆر محەمەد عەزیز بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمیە نێودەوڵەتیەکان ئامادەبون، لە دیدارەکەدا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆ هەنگارییەکان کرایەوە کە لە داهاتوودا رایەڵەیەکی ئەکادیمی و زانستی بێتە دروستکردن لە پێناو پێشەوەبردن و سوود وەرگرتنی ئەزموونی زانکۆ هەنگارییەکان. هەروەها لە دانیشتنەکەدا باس لە کردنەوەی کۆڕنەری هەنگاریا هاوشێوەی کۆڕنەری ئەڵمانی و ئەمەریکی لە کتێبخانەی زانکۆی سەلاحەدین کرا، لەلایەکی دیکەوە ئاماژە بە هاتنی دوو زانکۆی هەنگاری کرا کە بڕیاروایە لە ٢٠١٥/١٠/٢٢ سەردانی زانکۆی سەلاحەدین بکەن بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی لە بواری شوێنەوارناسی دا. کونسولی گشتی هەنگاریا ئەوەشی گوت کە کونسولخانەکەیان بە نیازن ئاهەنگی رۆژی نیشتیمانی هەنگاریا لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەلاحەدین ئەنجام بدەن کە تیایدا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بانگهێشتی گەورە بەرپرسان بکەن. چابا ڤێزێکینی لە دیدارەکەدا داوای لە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین کرد کە سمینارێک لە مانگی یانزەی داهاتوو لەبارەی فەرهەنگی هەنگاریا و دۆخی کۆچبەران لە وڵاتەکەیان بەتایبەت و لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی بۆ مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ پێشکەش بکات. لەبەرامبەردا سەرۆکی زانکۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ئامادەیی زانکۆشی نیشاندا بۆ ئەوەی پەیوەندی ستراتیژی ئەکادیمی و زانستیان لەگەڵ زانکۆ هەنگارییەکان هەبێت لە رێگەی کونسلخانەی هەنگاریاوە. شیاوی باسە ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین سەردانە ئەو کونسلخانەیانکردو سوپاسی وڵاتی هەنگاریایانکرد لە پشتیوانی دۆزی رەوای کوردو پشتگیرکردن لە دەوڵەتی سەربەخۆیی کورستان.
بەروار :٢٠١٥/٩/٢٢