سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەرى توێژینەوەى سیاسى وستراتیژى لە زانکۆی سەلاحەدین دوێنێ لە کۆلێژی یاساو زانستە سیاسییەکان بە ئامادەبونی دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و راگرو مامۆستایانی کۆلێژەکە بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:لاى هەمووان ئاشکرایە کە پڕۆسەى سیاسی لە هەرێمى کوردستان لە بەردەم کۆمەڵى پێشهات و تەحدداى گەورەدایە، وشەرى دژى تیرۆر وتیرۆرستان باڵى کێشاوە بەسەر ژیانى کۆمەڵگاکەماندا، لەگەڵ هەموو ئەو هەرشە ئابوورییانەى کەتوشى گەلەکەمان بووە لە ماوەى رابردوو وەتاکو ئیستاش بەردەوامە. لەمیانى ئەم بارودۆخە جێگای داخە کە مشتومرێکی توندلەنێوان لایەنە سیاسییەکان سەریهەڵداوە لەسەر پرسى سەرۆکایەتى هەرێم کە رەهەندی یاسایى سیاسی لەخۆ دەگرێت، پێویستی بە شیکردنەوەیەکی زانستی و بابەتیانەیە، رەنگە پابەند نەبوون پێیەوە ببێتە هۆی، کێشمەکێشمی سیاسی ولێکترازان بەشێوەیەک کە بارودۆخى سیاسی کوردستان بەرەو ئاقارێکى نادیار دەبات وتوشى قەیرانێکى مەترسیدارى دەکات کە کاریگەرى نەخوازراوى دەبێت لەسەر پێگەى حوکمرانى ودەسکەوتەکانى گەلەکەمان. لەسۆنگەی پێویستی پێشکەشکردنی شیکردنەوەیەکی ئەکادیمی سەبارەت بەم بابەتە لە لایەن سەنتەرەکەمانەوە وەک ئەرکێکی زانستی و ئەکادیمی وبەمەبەستی بێدەنگ نەبوون ودەربرینى را لەسەر پرسە نیشتمانی وچارەنووسازەکان، وپێویستی بەشداریکردن لە بارودۆخێکی لەم جۆرە، وەک دەزگایەکی ئەکادیمی رۆژى پێنچشەممەى رابردوو رێکەوتى ١٣- ٨- ٢٠١٥ سەنتەرى توێژینەوەى سیاسى وستراتیژى لەبەشى زانستە سیاسیەکانى کۆلێژى یاساو زانستە سیاسیەکان لە زانکۆى سەلاحەددین کۆبوونەوەیەکى زانستی ئەنجامدا بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانى شارەزا لەهەردوو پسپۆرى یاساو پسپۆرى زانستە سیاسییەکان بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر پرسى سەرۆکایەتى هەرێم.
لە ئەنجامى گفتوگۆکان شیکردنەوەیەکى یاسایى وسیاسى گەڵالەبوو کە لەم چوار خاڵانەى خوارەوە بەدى دەکرێت:
١ - لەبارەى شیکردنەوەى بابەتى بەتاڵ بوونى (شغور)ى پوستى سەرۆکایەتى هەرێم کە لە یاسایى ژمارە ١ى سەرۆکایەتى هەرێم ساڵى ٢٠٠٥ هاتووە لە ماددەى ( ١٥ و١٦)دا، بۆمان دەرکەوتووە کەوا تەواو بوونى ماوەى ویلایەتى سەرۆکى هەرێم حاڵەتى بەتاڵبوون(شغور) دروست ناکات، بەڵکو یاسادانەر بەتاڵبوونى بەستووە بە چەند حاڵتێکى دیارى کراو وجەخت لەسەر حاڵەتە نائاساییەکان دەکات کە توشى خودى کەسایەتى سەرۆک دەبێتەوە ولەئاکامدا دەبێتە بەربەستێک بۆ بەردەوامبوونى لەئەنجامدانى کارەکانى. ئەم شیکردنەوەیەش پاڵپشتە بە عورفى قانونى ودەستوورى کەتیادا بەردەوام بوونى سەرۆک لە پۆستەکەى تاوەکو ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەسەلمێنێت. گرنگترین ئەو ماددە دەستوورییانە کە پاڵپشتى ئەم بۆچوونە دەکات مادەى ٦٤ برگەى ٣ و برگەى ٤ لە پرۆژەى دەستورى هەرێمى کوردستان ساڵى ٢٠٠٩ هەروەها ماددەى ٧٢ برگەى ٢ تایبەت بەسەرۆکى کۆمار لە دەستورى عیراقى ساڵى ٢٠٠٥.
٢ - هیچ لایەنێک بۆى نییە شیکردنەوەى تایبەتى خۆى لەسەر مادەى ١٥و١٦ لە یاساى سەرۆکایەتى هەرێم بسەپێنى بەڵکو ئەمە ئەرکى لایەنى دادوەرییە (قەزائییە) یان ئەو لایەنەیە کەخودى یاساکەى داناوە ئەویش پەرلەمانى کوردستانە، دەکرێت دانیشتنی پەرلەمان لەم بارەیەوە ببەسترێت ویاسایەک بە راڤەکردنی ئەو بابەتەی کە کێشەی لەسەرە دەرکرێت وپەرلەمان بە زۆرینە بریاربدات کە مەبەستی چی بووە و ئایا ئەم بابەتە حاڵەتی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی دەگرێتەوە یاخود نا. چونکە پەرلەمان چۆن بۆی هەیە یاسا دەربکات بە هەمان شێوەش بۆی هەیە یاسای راڤەکار دەربکات.
٣ - پێوویستە دەسەڵات و ئەرکەکانى سەرۆک وەکو خۆى بمێنێت دواى تەواو بوونى ماوەى ویلایەتى سەرۆکى هەرێم لە دواى ٢٠/٨ لە بەر ئەوەى لە رووى کردارییەوە حاڵەتى کوردستان ئێستاکە هەستیارە وشەڕ دژى داعش وتیرۆر زاڵە بەسەر بارودۆخەکە ئەمەش دەخوازێت کە بەڕێز سەرۆکى هەرێم بە هەموو ێلاحیاتى خۆى لە دواى ئەو مێژووە بەردەوام بێت.
٤ - لە بارودۆخێکی لەم جۆرەی کە لە کوردستان دەگوزەرێت سەپاندنی راڤەیەکی دیاریکراو لەو حاڵەتە دەرهاوێشتەی سیاسی خراپ و چاوەڕواننەکراوی لێدرووست دەبێت ودەبێتە مایەی قەیرانی زیاتر. لەبەرئەوە باشترین چارەسەر لەم بارودۆخەدا سازانی لایەنەکانە لەسەر ئەم پرسانە چونکە سازان بنەمایەکى سەرەکى بووە لە دامەزراندنى کابینەی ئێستای حکومەتى هەرێم، و رێکخستنى هەیکەلیەتى پەرلەمانى کوردستان. و گرنگى پرسى سەرۆکایەتى هەرێم لە حکومەت وپەرلەمان کەمتر نییە. کەواتە سازان چارەسەرى شەرعى ئەم پرسەیە، هەر هەوڵیکى دیکە دەرچوونە لە شەرعیەتى دامەزراندنى بنەماکانى سیستەمى سیاسى لە هەرێمى کوردستان.
بەروار :٢٠١٥/٨/١٩