
بە ئامادەبوونى د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و پسپۆران ،ماڵى عیراقى بۆ توانستەکان بە هاوکارى زانکۆى سەلاحەدین ، کۆڕبەندێکى زانستى بە ناونیشانى (ژینگەژیانمان پێ دەبەخشێت ، ئێمەش بایەخى خۆمانى پێ دەبەخشین ) لە سەنتەرى رۆشنبیریى زانکۆ ساز کرا .
لەم کۆڕبەندەدا کە بە چوار دانیشتن بەڕێوەچوو ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆو پسپۆرانى بوارى ژینگە بەشدارییان تێدا کرد ، لە چەندین تەوەرى جیاوازى زانستى دا تیشک خرایە سەر مەترسیەکانى پەرەسەندنى پیس بوونى ژینگەو هۆکارەکانى ، ئینجا تیشک خستنە سەر گرنگترین رێگا چارەکانى ژینگە پارێزى لە هەموو جیهاندا .
لە لێدوانێکى تایبەتیدا بۆ رۆژنامەى خەبات سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین گوتى : ئێمە وەک زانکۆ و سەرچاوەیەکى زانستى بە ئەرکى خۆمانى دەزانین هاوکارى هەموو ئەو لایەنانە بکەین کە هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکى زانستى مەترسیەکانى ژینگە بخەنە روو کە ئەمڕۆکە بۆتە هەڕەیەشەک بۆ سەراپاى جیهان و بە ئەرکى زانکۆکانى دەزانین هەموو توانستەکانى خۆیان بەو ئاراستەیە بکار بێنن ، ئەو مەترسیانە بە کۆمەڵگاکانى خۆمان رابگەیەنین و هانیان بدەین بۆ ژینگە پارێزى لە پێناو پاراستنى چارەنووسى مرۆڤایەتى .
بەروار :٢٠١٧/٤/١٥