
ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی زانستی قوبڕس کرد، کە پێکهاتبوون لە دکتۆر ئەحمەد جوکسل سەرۆکی زانکۆی ناوبراو و یەڵماز کروکز رێکخەری راگەیاندن.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەخێرهاتنی شاندی میوان کرد و بەکورتی پێکهاتە و بەشەکانی زانکۆی سەلاحەدینی بۆ شاندی میوان روونکردەوە و باسی لە کارو چالاکییەکانی زانکۆ و چۆنییەتی پێشخستنی ئاستی زانستی و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەنێوان هەردوو زانکۆی ناوبراو کرا. هەروەها سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین تیشکی خستە سەر پەیوەندییە زانستییەکانی لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا، کە توانراوە کۆمەڵەی دۆستایەتی لەگەڵ زانکۆکان دروست بکات. لەلایەکی دیکەوە بەمەبەستی زیاتر برەودان بە رەوتی پێشخستنی کاروانی زانستی و ئاڵوگۆڕکردنی قوتابیان و مامۆستایان و سازدانی کۆنفرانسی زانستی لەگەڵ یەکتردا، رێککەوتنامەیەکی زانستی لەنێوان هەردوو زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی زانستی قوبڕس واژووکرا. لە کۆتایی دیدارەکەدا شاندی میوان خۆشحاڵی بەو سەردانەی دەربڕی و سەرسامی خۆیان بە رەوتی خوێندن لە زانکۆی سەلاحەدین دەربڕی و هیواخواز بوو، سوود لە ئەزموونی زانستی یەکتر وەربگرن.
بەروار :٢٠١٧/٨/١٣