
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر ئەحمەد ئەنور دزەیى پێشوازى لە شاندێکى کونسولخانەی گشتی کۆماری سوودان لە هەرێمی کوردستان کرد. شاندەکە پێکهاتبوو لە باڵوێز یاسین عوز ئیسماعیل کونسلی گشتی و شاندێکی یاوەری، لە دیدارێکدا باس لە پیتەوکردنی زانکۆکانی کۆماری سوودان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر کرا، بەهۆی ئەوەی زانکۆی سەلاحەدین گەورە زانکۆو بەردی بناغەی خوێندنی باڵایە لە کوردستان و رۆڵێکی گرنگ و کارای هەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەهۆی ئەو چالاکییەی هەیەتی لە یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، هەروەها لە دانیشتنەکەدا تیشک خرایەسەر رووداوی بەستنی کۆنگرەی ئایندەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کە بڕیاروایە لە کۆماری سوودان ببەسترێت وجەخت لە چالاکییەکانی ئەو یەکێتیە کرایەوە کە بۆتە هۆی ئەوەی تۆڕێکی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکان ببەستێت و ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی خوێندنی باڵاو خوێندنی بەرایی ئەنجام بدرێت.
لە دیدارەکەی نێوان سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و کونسلی گشتی کۆماری سوودان ئاماژە بە ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە نێوان زانکۆکانی ئەو وڵاتەو زانکۆی سەلاحەدین کرایەوە، بەتایبەت ئەو قوتابیانەی بڕیارە ساڵانە لە ژێر چەتەری یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی بۆ مەشق و راهێنان بێنە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزمونی زانستی و کلتووری و ئەکادیمی زانکۆی سەلاحەدین و فەرهەنگی کوردەواری هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر گرفت و ئاریشەکانی قوتابیانی کوردستان کرایەوە کە لە زانکۆکانی کۆماری سوودان دەخوێنن و دانانی میکانزمێکی گونجاو بۆ چارەکردنی کێشەکانیان لە رێگەی کونسولخانەی گشتی کۆماری سوودان.
بەروار :٢٠١٦/٤/١٠