لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پێشوازیکرد لە شاندێکی زانکۆی ئۆتۆنۆما لە شاری مەدرید لە وڵاتی ئیسپانیا کە پێکهاتبوو لە پرۆفیسۆر خیسۆس گیل فوینسانتا شارەزای هەڵکۆڵینی شوێنەواری و پرۆفیسۆر ئەلفرێد میدرۆس مارتین لە کۆلێژی فەلسەفەو ئاداب شارەزای شوێنەوارەکانی پێش مێژوو . لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندی نێوان هەردوو زانکۆ کرا و هەروەها رێککەوتن کرا کە بەهاوبەشی لە نێوان هەردوو زانکۆی ئۆتۆنۆمای ئیسپانی و زانکۆی سەلاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار کاری هەڵکۆڵینی گردی قالینج ئاغای لە ناوشاری هەولێر ئەنجام بدەن. هەروەها لە دانیشتنەکەدا ئاماژە بە ئاڵۆگۆڕی قوتابیان و مامۆستایانی پسپۆڕی شوێنەوار کرا بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزمونی ئەکادیمی و تێوری زانایان و ئەکادیمیەکان لە نێوان هەردوولادا. شیاوی باسە لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی بەشی شوێنەواری کۆلێژی ئەدەبیات و بەڕێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ ئامادەبون.
هەر لە هەمان رۆژ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ لێژنەی بەکرێ گرتنی باڵەخانەی بەشەناوەخۆییەکان و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە زانکۆ بەئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی دارایی کۆبویەوە، لە دانیشتنێکدا قسە لەسەر چارەکردنی کێشەکانی بەشەناوەخۆییەکان کرا، کە ئەمساڵ سەرباری قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان کەچی توانرا زاڵ بن بەسەر کێشەکان و کەموکوڕییەکان نەهێڵدرێت. شیاوی گوتنە زانکۆی سەلاحەدین نزیکەی ٢٤ هەزار قوتابی هەیەو لەو ژمارەیەش هەشت هەزاری لە بەشەناوەخۆیەکان نیشتەجێن کە لە کۆی ٣٤ باڵەخانەی کرێ، ١٩ بەشەناوخۆیی کۆڕان و ١٥ بەشەناوەخۆیی کچان و سێ کۆمەڵگەی بەشەناوەخۆیی هەیە، ئەمە سەرباری ئەوەی ٤٣٠ قوتابی لە کۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە لە چەند بەشەناوەخۆیەک نیشتەجێنەو لە کۆلێژی پەروەردەی مەخمووریش دوو بەشە ناوەخۆیی دابینکراوە بۆ قوتابیان.
بەروار :٢٠١٥/٥/١٠