
کاتژمێر ۹ى بەیانى رۆژى چوارشەممە ٧-۱۲-۲۰۱٦ لەهۆڵى سمینارى بەشى تەلارسازى کۆلیژى ئەندازیارى زانکۆى سەلاحەددین، بەئامادەبوونى (د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین و کونسڵى گشتى فەرەنسا لە هەولێر و نوێنەرى بەشى ئیسلامى مۆزەخانەى لۆڤەر، ۆرکشۆپێک لەنێوان فەرەنسا – کوردستان سازکرا بەناونیشانى چۆنیەتى پاراستنى کەلەپوورى کلتوورى، ئەمەو سەرەتا سەرۆکى زانکۆ باسى لەو هەنگاوانە کرد کە بۆتە هۆى سازدانى ئەم ۆرکشۆپە و جەختیشى لەرێکخراوى ifpo کردەوە کە هۆکارێک بوونە لەسازدانى ئەم ۆرکشۆپە، هاوکات هەماهەنگییەکانى لەنێوان زانکۆى سەلاحەددین و زانکۆکانى فەرەنسا خستە روو، لەنێوەندى وتارەکەیدا هیواى خواست ئەم ۆرکشۆپە بەسەرکەوتوویى ئەنجام بدرێ و ببێتە هۆکارێک تا زیاتر لەرووى زانستیەوە بتواندرێ کەلەپوور و کلتوور بپارێزرێت.
لەلایەکى دیکەوە کونسڵى گشتى فەرەنسا لەهەولێر وتارێکى پێشکەشکرد تیایدا باسى لەدۆزینەوەى رێگە زانستیەکان کرد بۆ چۆنیەتى پاراستنى کەلەپوور و کلتوور و جەختیشى لەوە کردەوە ئەم ۆرکشۆپە تەواوکەرى ئەو ۆرکشۆپەیە کە لەپاریس ئەنجامدراوە، باسیشى لەوە کرد کە ئەوجۆرە ۆرکشۆپانە هۆیەکە بۆ زیاتر زانستیکردنى پاراستنى کەلەپوور و کلتوورە.
شایانى باسە ئەم ۆرکشۆپە لە سێ رۆژ دەخایەنێت و زیاتر لە ۳۰ بابەتى چۆنیەتى پاراستنى کەلەپوور و کلتوور پێشکەش دەکرێ.
بەروار :٢٠١٦/١٢/٧