
سەرۆک مسعود بارزانى : ئەرکی ئێوەی خۆشەویستە کە بە قەڵەم و زانستتان پشتگیری پڕۆسەی سەربەخۆیی بن و ڕووبەڕووی هەر دەنگ و هەوڵێک ببنەوە کە دەیانەوێ گەلی کوردستان بڕیار نەدات و بە مافەکانی نەگات
سەرۆک مسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى ئاهەنگێڕانى زانکۆى سەلاحەدین بۆ دەرچووانى خولى ریفرانۆم ، پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى سەرۆکایەتى زانکۆو مامۆستایان و قوتابیانى زانکۆ کرد کە ئەمە دەقەکەیەتى :
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابیانی خۆشەویست
میوان و ئامادەبووانی بەڕێز
مایەی خۆشحاڵییمە کە ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە قوتابی و کچ و کوڕانی کوردستان ئاهەنگی دەرچوونی خۆیان لە خولی سی و شەشەمینی زانکۆی سەلاحەددین دەگێڕن، بەوبۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە قوتابیە خۆشەویستەکان و خانەوادەکانیان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم،ئومێد دەکەم بە پسپۆڕی و شارەزایی زانستی خۆیان خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن و لە کار و ژیانیشیاندا بەختەوەر و ئاسوودە بن
بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی مامۆستا بەڕێزەکان و سەرۆکی زانکۆ و عەمید و سەرۆک بەشەکانی کۆلیژو پەیمانگە کانی زانکۆی سەلاحەددین بکەم و دەستخۆشیان لێ دەکەم کە سەرکەوتووانە ژمارەیەکی زۆری ڕۆڵەی کوردستانیان پێگەیاندووە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی وڵات
قوتابیانی خۆشەویست
ئامادەبووانی بەڕێز
ئێستا گەلەکەمان بە هەستیارترین چرکەساتەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێ و لە قۆناغێکی یەکلاییکەرەوەدا دەژیێت ،کوردستان لەسایەی خۆڕاگریی خەڵک و قارەمانێتیی پێشمەرگە پشت بە خودای گەورە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت ،سەربەخۆیی گونجاوترین وەڵامە بۆ خوێنی شەهیدانمان و موڵکی ئێوەیە و موڵکی خەڵک و هەموو لایەکمانە، ئەرکی ئێوەی خۆشەویستە کە بە قەڵەم و زانستتان پشتگیری پڕۆسەی سەربەخۆیی بن و ڕووبەڕووی هەر دەنگ و هەوڵێک ببنەوە کە دەیانەوێ گەلی کوردستان بڕیار نەدات و بە مافەکانی نەگات
بۆ ئەوەی پسپۆڕی و زانستی مامۆستا و قوتابی و زانکۆکانمان بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بکەوێتە خزمەتی وڵات و پێشکەوتنی لێ بکەوێتەوە، دەبێ کوردستان سەروەریی هەبێت و خاوەن بڕیاری خۆی بێت و دواجار بتوانێ بە باشی سوود لە سامانە مرۆیی و سرووشتییەکانی وەربگرێت
گەلی کوردستان دوای ئەو هەموو قوربانیدانە شاییستەی ئەوەیە وەکو میللەتانی ئازاد خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و ببێتە بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە کاروانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە قۆناغی داهاتوودا ئەرکی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست قورس و بایەخدارە، ئاییندەی کوردستان لە دەستی ئێوەدایە و داواتان لێ دەکەم بە بڕوابەخۆبوونەوە کار بۆ پێشکەوتنی وڵات و بەهێزتربوونی بکەن، لە هەمانکاتیشدا فەرهەنگی پێکەوەژیان و دیموکراسی و ئاشتی لە کوردستاندا بەرەو پێشەوە ببەن، ئێوە ئومێدی هەموو لایەکمانن و چاومان لە هیمەت و دەستی ئێوەیە
دووبارە پیرۆزبایی لە قوتابیانی خۆشەویست دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانیان
سەرۆکى هەرێمى کوردستان |
مسعود بارزانی |
٢٠١٧/٧/٢ |