
د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەسەنتەرى رۆشنبیرى زانکۆدا پێشوازى لەشاندێکىر رێکخراوى یۆنسکۆ کرد کە پێکهاتبوو لە خاتوو لویز هاکستهاوزن بەڕێوەبەرى گشتى رێکخراوى یۆنسکۆ لە عێراق، لەگەڵ شاندى یاوەرى ئەمەو کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا سەبارەت بەکۆرسى یۆنسکۆ بۆ شوێنەوار و شارستانیەت و ئەو پڕۆژانەى کە بەهەمانگى زانکۆى سەلاحەددین ئەنجامدەدرێ، لەمبارەیەوەش سەرۆکى زانکۆ هەموو هاوکاریەکى خستە روو بۆ سەرکەوتنى کارەکانیان و هاوکات باس لە پەرەپێدانى توێژینەوەکان کرا بۆ زیاتر ناساندنى شوێنەوارى ئەو ناوچەیە.
لەلایەکى دیکەوە سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازى لەشاندێکى زانکۆکانى بەریتانى کرد کە پێکهاتبوو لە د.پۆڵ کولنس لە زانکۆى ئۆکسفۆرد، د.ئیلامۆر رۆسپن لە زانکۆى لەندەن، ئەمەو لە دانیشتنێکدا باس لە شێوەى خوێندنى مێژوویى لەعێراق و دراوسێکانى کرا و تەوەرێکى دیکەى ئەو دامیشتنە باس لە پاراستنى کلتوور و کەلەپوورى مێژوویى لەبوارى تەلارسازیدا کرا جەخت لەوە کرایەوە کە قوتابى ماستەر ئامادە بکرێ دەربارى کلتوورى تەلارسازى، سەرۆکى زانکۆش لەمیانى قسەکانیدا باسى لەپتەوکردنى پەیوەندیەکان لەنێوان زانکۆى سەلاحەددین و زانکۆکانى بەریتانیا کردەوە و خوێندنى کلتوورى تەلارسازیشى بەکارێکى گرنگ زانى و جەختى لەوە کردەوە کە لەو رووەوە کارئاسانى ئەنجام دەدرێ، هاوکات باسیشى لەوە کردەوە کە زانکۆى سەلاحەددین هەماهەنگى هەموو زانکۆکان دەکات لە پێناو زیاتر بەرەو پێشبردنى زانست، بۆ پێزانین د.ئیبراهیم حەمە رەش راگرى کۆلیژى ئەندازیارى، د.مەحموود ئەحمەد خەیات سەرۆکى بەشى تەلارسازى ئامادەى ئەو دانیشتنە بوو.
لەپاشاندا د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین پێشوازى لەشاندێکى زانکۆى پۆڵەندى کرد کە پێکهاتبوو لە پ.ی.د.ماچەیى کووڕچ لە زانکۆى شلۆنسکى پۆڵەندا و بەیاوەرى د.حەکیم خۆشەویى بەڕێوەبەرى کۆمەڵەى دۆستانى کوردستان-پۆڵەندا، ئەمەو لەدانیشتنێکدا باس لەواژووى رێکەوتنامەیەک کرا لەنێوان هەردوو زانکۆدا بەتایبەت لە بوارى مرۆڤناسییەوە و ئامادەکردنى پرۆژەیەک لە بوارى مرۆڤناسییەوە و هەماهەنگى هەردوو زانکۆ لە بوارە زانسییەکان و گۆڕینەوەى بیرو ڕا و قوتابیان بۆ خوێندنى باڵا، هاوکات سەرۆکى زانکۆ هەموو هاوکاریەکى زانکۆ خستە روو بۆ سەرکەوتنى کارەکانیان.
بەروار :٢٠١٧/٤/٥