ەئامادەبونى دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و دکتۆر ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین بۆ کاروبارى زانستى و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانکۆ، لە سەنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى دانیشتنێک لەگەڵ سەرۆک بەشەکانى گشت کۆلێژەکانى زانکۆى سەلاحەدین سازکرا. لەسەرەتایى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین تیشکی خستەسەر پڕۆسەی دڵنیایى جۆرى لە خوێندنی باڵاو گرنگی پەرەپێدانى دڵنیایى جۆرى لە زانکۆ، هیواى خواست داتاى توێژینەوەکان لە کۆلێژەکان ئامادە بکرێت بۆ ئەوەى رووى راستەقینەى زانکۆى سەلاحەدین بەدیار بکەوێت ئەویش بەئامارى دروستى گشت توێژنەوەکان دەبێت، هەروەها سەرۆکى زانکۆ وتى ساڵانە لە کۆلێژەکانى زانکۆى سەلاحەدین بە سەدان توێژینەوە ئەنجام دەدریت، بەڵام داتاى توێژینەوەکان بەشێوەیەکى رێکوپێک لە بەشەکانى کۆلێژەکانى زانکۆى سەلاحەدین ئامادە نەکراوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین ئاماژەى بە سەرکەوتنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى کرد لە کۆلێژەکان کە ئەمەش جێگەى خۆشحاڵییە وە زیاتر گرنگى پێدانە بەو بوارە. پاشان سەرۆکی زانکۆ مەبەستی سەرەکی کۆبونەوەکەی بۆ ئامادەبوان روونکردەوە کە دەبێت لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی چالاکییە ئەکادیمی و زانستیەکان بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ بەرزبکەنەوە بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت بە پەلە چەند لێژنەیەک لە کۆلێژەکان دروست بکرێت بۆ کۆکردنەوەی داتاو زانیارییەکان و دواتر لێژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی زانکۆ دروست بکرێت تا بتوانرێت هەموو زانیارییەکان بە راستی و دروستی کۆبکرێنەوەو بدرێن بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی بەمەبەستی دەرخستنی ئاستی زانستی زانکۆی سەلاحەدین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان.
بەروار :٢٠١٥/٥/٣١