![title](/sites/default/files/styles/article_intro_image/public/node-img/269_01504657609.jpg?itok=rUKBRFxv)
رۆژی ٤/٣/٢٠١٥، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محمد عزیز، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی سەلاحەددین، و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوان ئیسماعیل، سەرۆکی بەشی یاسا، کۆلێژی یاساو زانستە سیاسییەکان، زانکۆی سەلاحەددین، پێشوازیان کرد لە خاتوو هاریەت وار-ئۆستن، نوێنەری زانکۆی شەفیڵد هاڵام – بەریتانیا. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستییە هاوبەشەکان و هاوکاری نێوان زانکۆی سەلاحەددین و زانکۆی شەفیڵد هاڵام کرا. گفتوگۆی چڕ کرا لەسەر ئەگەری دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان مامۆستایانی هەردوو زانکۆ لە بوارەکانی توێژینەوە، سەردان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش لەبواری یاسای بەراوردکاری لەنێوانیاساکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، بەئامانجی تێگەیشتن لە سیستەمی یاسایی ئینگلتەرا، و میکانیزمەکانی یاسادانان و سوود وەرگرتن لە لایەنە پۆزەتیڤەکانی پرۆسەی یاسادانان لە ئینگلتەرا، پاشان پێشکەشکردنی راسپاردە بۆ پەیڕەوکردنی ئەم میکانیزمانەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر بەشداریکردن لە کۆرسی راهێنان لەسەر رێبازە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە لە زانکۆی شەفیڵد هاڵام، پاشان گواستنەوەی زانیارییەکانی ئەم کۆرسانە بۆ مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەددین لەڕێگەی سیمینارەوە.
لەکۆتایدا گفتوگۆ کرا لەسەر سەرپەرشتیکردنی هاوبەشی قوتابیانی دکتۆرا و بەشداری زانکۆی شەفیڵد هاڵام لە بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆی سەلاحەددین. لەکۆتایدا بڕیادرا گفتوگۆی بەردەوام هەبێت لەنێوان هەردوو زانکۆدا لەسەر ئەو بابەتانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن.
بەروار : ٦ /٣ /٢٠١٥